رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە تاران و کەرەج هێرشیان کردە سەر چەند وێستگە و تاوەرێکی سەرەکیی کارەبا، لە نزیک شاری تەورێزیش کۆمەڵگەیەکی پترۆکیمیایی کرایە ئامانج. وەزارەتی وزەی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کارەبای چەندین ناوچەی تاران و کەرەج بڕاوە، بەڵام بە خێرایی کێشەکەیان چارەسەر کردووە.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی دایەوە بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە و پیشەسازی لە ئیسرائیل.
بۆردوومانکردنی کەرتی وزە و پیشەسازیی ئێران
شەوی یەکشەممە، دامەزراوەکانی کارەبا و دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز (کەرەج) کرانە ئامانج.
دەوروبەری کاژێر 09:00ی شەو لە رۆژهەڵات، باکووری رۆژهەڵات و رۆژئاوای تاران چەندین شوێن بۆردوومان کران و لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی تاران بڕا. هەروەها چەندین شوێنی شاری کەرەجیش بۆردوومانکران و دوای بۆردوومانەکە کارەبای ژمارەیەک گەڕەک، لەنێویاندا گەڕەک و ناوچەکانی (عەزیمییە، مەلاسەدرا، مێهرڤیلا، تاڵەقانی، دێهقان ڤیلا و وگەوهەردەشت) بڕا.
وەزارەتی وزەی ئێران رایگەیاند، "هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە پیشەسازییەکانی کارەبا لە پارێزگای تاران و بەهۆیەوە کارەبای هەندێک ناوچە بڕاوە". مستەفا رەجەبی مەشهەدی، جێگری وەزیری وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران بە میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەی راگەیاند، "کێشەی بڕانی کارەبا بە خێرایی چارەسەر کراوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، تاوەرێکی کارەبا لە نزیک کەرەج و هەروەها وێستگەیەکی دابەشکردنی کارەبا لە ناوچەی (دوشان تەپە)ی باکووری تاران بۆردوومان کراون. گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای ئێران دەڵێت، "وێستگەیەکی کارەبا لە رۆژهەڵاتی تارانیش بۆردوومانکراوە."
لە نزیک شاری تەورێزیش، شەوی یەکشەممە هێرشی ئاسمانی کرایە سەر کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی شارەکە. بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، کرانە ئامانجی پترۆکیمیایی تەورێزی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، یەکێک لە یەکەکانی ئەو پترۆکیمیاییە بۆردوومان کراوە. رەتیشیدەکاتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، مادەی کیمیایی مەترسیدار دزەی کردبێتە دەرەوە.
جگە لە وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوە پیشەسازییەکان، درەنگانی شەوی یەکشەممە لە تاران 5 شوێن لە ناوچەکانی 1، 4، 13، 15 و 21 بۆردوومان کران. ناو و زانیاریی ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون بەردەست نییە.
هەروەها هێرشەکان لەسەر تاران، رۆژی یەکشەممەش بەردەوام بوون. لە نزیکەی کاژێر 07:30ی بەیانی (بە کاتی هەولێر) تاوەکو دوانیوەڕۆی یەکشەممە، لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات، باکووری رۆژهەڵات و رۆژئاوای شاری تاران چەند شوێنێک بۆردوومان کران.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە, لە بۆردوومانەکانی پێشنیوەڕۆی یەکشەممەدا باڵەخانەی تەلەڤزیۆنی (ئەلعەرەبیی قەتەر)، فرۆشگەیەک لە گەڕەکی ئەفسەرییە، ژمارەیەک باڵەخانە لە گەڕەکەکانی (شەهرەکی راه ئاهەن، تێهرانسەر، زەفەر، سەعادەتئاباد و شیان)، یەکەیەکی بازرگانی لە شەقامی (بەنیهاشم)، ناوەندێکی پەیوەندییەکان لە ناوچەی یەک، ئامانجێک لە بەرزاییەکانی تووچاڵ، پارکەکانی یاس و کەوسەر، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و ناوەندی فرۆشتنی میوە و سەوزە لە ناوچەی 15، لقێکی بانکی (میللی) و کارخانەیەکی دروستکردنی کارتۆن لە باشووری تاران کراونەتە ئامانج.
شاری تاران بەپێی دابەشکاریی شارەوانیی ئەو شارە، بەسەر 22 ناوچەدا دابەشکراوە. هەر ناوچەیەک، کۆمەڵێک گەڕەک لەخۆدەگرێت و شارەوانیی تایبەت بەخۆی هەیە. ناوچەکانی یەک تاوەکو پێنج لە باکوور و هەندێک بەشی رۆژئاوا، ناوچەکانی 10 و 11 و 12 ناوەندی شار، ناوچەکانی 15 تاوەکو 20 باشوور و رۆژهەڵات و ناوچەکانی 21 و 22 لە رۆژئاوای شاری تارانن.
جگە لە تاران، رۆژی یەکشەممە و بەرەبەیانی دووشەممە، چەندین شوێن لە شارەکانی شیراز، رەشت، بووشێهر، یەزد، ئیسفەهان، کەرەج، شاهینشەهر، تەورێز، قوم و شەفت بۆردوومان کران.
بەیانی رۆژی یەکشەممە لە گوندی (عوسماوەندان) سەر بە شاری شەفت لە پارێزگای گیلانی باکووری ئێران چەند شوێنێک بۆردوومانکران. جێگری پارێزگاری گیلان رایگەیاند، لە هێرشەکەدا پێنج خانوو کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژراون، بەڵام ناسنامەی کوژراوەکانی ئاشکرا نەکردووە.
زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان یەکشەممە رایگەیاند، یەکێک لە تاقیگەکانی سەر بەو زانکۆیە بۆردوومانکراوە و زیان بە کۆمەڵێک باڵەخانە گەیشتووە و چوار کەس لە فەرمانبەرانی زانکۆکەش برینداربوون.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) تاوەکو ئێستا لەبارەی هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە و بەرەبەیانی دووشەممەوە هیچی بڵاونەکردووەتەوە. سوپای ئیسرائیلیش نیوەشەوی یەکشەممە رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر ئێران و هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر "ئامانجەکانی سەر بە رژێمی ئێران" و بۆردوومانیانکردوون.
لەلایەکی دیکەوە سەید مەجید موسەویی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە ئێکس دا نووسیویەتی لە وەڵامی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی پیشەسازییەکان و وزەی ئێران ، ئەوانیش هێرشیانکردووەتە سەر کۆمەڵگەی پیشەسازیی (نیعوت حواف)ی ئیسرائیلی لە بیر سەبع، کۆمەڵگەیەکی پۆڵا و دوو کۆمەڵگەی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم.
هەروەها رۆژی شەممە 28ی ئادار ، ئێران هێرشیکردە سەر کارگەی ئەلبای بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم لە بەحرێن . ئەلبا بە گەورەترین کارگەی تواندنەوەی ئەلەمنیۆم دادەنرێت لە هەموو جیهان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ