راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین: سەرۆککۆمار سەردانی پارێزگاکەمان دەکات

03-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری ئەمنی و سەربازیی پارێزگاری سەلاحەدین دەڵێت، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆککۆماری عێراق سەردانی پارێزگاکە بکات و لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ژیانی پێکهاتەکان و دۆخی ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە بێت. دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ سەرۆککۆمار باسی گەڕانەوەی ئاوارەکان و خزمەتگوزارییەکان و چەند پرسێکی ئەمنیمان کرد."
 
رۆژی سێشەممە 3-1-2023، کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنی و سەربازیی پارێزگاری سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی پارێزگای سەلاحەدین بە سەرۆکایەتیی ئیسماعیل خزەیر هلوب، من [کاوە شێخانی] و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە سەردانی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقمان کرد بۆ زانیاری پێدانی لەبارەی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە پارێزگاکە لە رووی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە، گەڕانەوەی ئاوارەکان، پرسە ئەمنییەکان و ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانەی لە رابردوودا لە پارێزگاکە و لە خوورماتوو روویاندا." 
 
کاوە شێخانی گوتی: "سەرۆککۆماری عێراق ئامادەیی نیشاندا بۆ پشتیوانیکردنی پارێزگای سەلاحەدین و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی و ئاماژەی بۆ گرنگیی ئەو ناوچەیە کرد." 
 
راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین گوتی: "سەرۆککۆماری عێراق بڕیاریدا لەماوەی یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا سەردانی پارێزگای سەلاحەدین بکات بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی پارێزگاکە."
 
سەلاحەدین یەکێکە لە پارێزگاکانی نێوەڕاستی عێراق و تکریت سەنتەرەکەیەتی. بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەونە پارێزگاکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە