کوردانی فەیلی لە بەغدا؛ ململانێی مانەوە و مەترسیی لەناوچوونی زمان

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی کیفاح لە شاری بەغدا، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردانی فەیلین، پرسیارێکی جەوهەری لەبارەی ناسنامە و زمان دەکرێت؛ تا چەند توانیویانە زمانی دایکی خۆیان بپارێزن؟ سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن، ڕاگواستن و گوشارە جۆراوجۆرەکانی سەر کوردانی فەیلی، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کاڵبوونەوەی زمانەکەیان هەبووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆریان دەستیان بە زمانەکەیانەوە گرتووە و دەڵێن: "لەناوچوونی زمان تەنیا مردنی پیتەکان نییە، بەڵکو لەناوچوونی مێژوویەکە."
 
"تا دەمرم بەرگری لە زمانەکەم دەکەم"
 
دایکی ڕزگار، ژنێکی کوردی فەیلییە و نیشتەجێی بەغدایە، ئەو بە جۆش و خرۆشەوە باس لە گرنگیی خوێندن بە زمانی کوردی دەکات. کاتێک پرسیاری لێدەکرێت ئەگەر قوتابخانەی کوردی لە بەغدا هەبێت منداڵەکانت دەنێریتە ئەوێ؟ لە وەڵامدا دەڵێت: "بێگومان دەیاننێرمە قوتابخانەی کوردی، چونکە نەتەوە و زمانی خۆمە. تا ئەو ڕۆژەی دەمرم بەرگری لە نەتەوە و زمانەکەم دەکەم."
 
ئەو دایکە داوا لە هاو زمانەکانی دەکات لە ماڵەوە بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان بدوێن و دەڵێت: "خدا منیان بە کوردی دروست کردووە، با منداڵەکانمان کوردایەتییان لەبیر نەچێت." دایکی ڕزگار وەک نیشانەیەک بۆ وەفای بەرامبەر بە ناسنامەکەی، ناوی کوردیی لە زۆربەی منداڵەکانی ناوە: (ڕزگار، کۆمار، سەردار، بێگار، نیگار و ساکار)، تەنیا کچێکی نەبێت کە ناوی (ئەزهار)ە و دەڵێت "تەنیا ئەوەیان عەرەبییە."
 
زمان؛ ناسنامەی کوردانی فەیلی
 
عەباس لەتیف، کاسبکارێکی ناوچەکەیە و پێیوایە ژینگەی خێزان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لەوەی زمانی کوردی لای ئەوان نەفەوتێت. ئەو دەڵێت: "ئەوەی ئێمە کوردی دەزانین، هۆکارەکەی دایک و باوکمانن کە لە ماڵەوە هەر بە کوردی قسەیان لەگەڵ کردووین. زمان ناسنامەی ئێمەیە و گرنگترین شتە کە پێویستە بیپارێزین."
 
لە لایەکی دیکەوە، عەدنان سورەمێری، شرۆڤەکاری سیاسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فەیلییەکی زۆر لە بەغدا نیشتەجێن و خۆیان بە کورد دەزانن، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەوە زمانی کوردی نازانن. ئەو داوا لە حیزبە کوردییەکان و بەرپرسان دەکات ناوەندی فێربوونی زمان لە بەغدا بکەنەوە و دەڵێت: "پێویستە گرنگی بە زمانی کوردی لە بەغدا بدرێت بۆ ئەوەی نەمرێت."
مەترسییەکانی سەر نەوەی نوێ
 
سامر شەمس، فەرمانبەرە و باس لەو ئاستەنگانە دەکات کە ڕووبەڕووی منداڵانی کورد دەبنەوە لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە زمانی زاڵ عەرەبییە. ئەو دەڵێت: "منداڵمان هەبووە لە قوتابخانە وازی هێناوە چونکە عەرەبی نەزانیوە."
 
سامر جەخت لەوە دەکاتەوە کە فێربوونی زمان لە ناو ماڵەوە دەستپێدەکات و بە زاراوەی شیرینی فەیلی نموونەیەک دەهێنێتەوە: "پێویستە دایک و باوک بە منداڵەکانیان بڵێن (ئەڵس بنیش بەو، بچۆ کوڕم نەکا بکە - واتە: هەستە دانیشە و وریابە نەکەویت)، بەڵام ئەگەر هەر بە عەرەبی پێیان بڵێن (تعال، روح، لاتجی)، بێگومان ئەو منداڵە فێری کوردی نابێت."
 
کوردانی فەیلی لە بەغدا، لەنێوان وشە شیرینەکانی زاراوەکەیان وەک "وەقوروانت بووم" و "نەزرت بووم" و ململانێی ژیانی ڕۆژانەدا، هەوڵدەدەن مێژوو و زمانی خۆیان لە فەوتان ڕزگار بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە