باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: قسەی سەرۆک ترەمپ لەبارەی ئێران روونە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پەیامێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆک جەختی کردووەتەوە کە نابێت ئێران "بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایش"ی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ئەمڕۆ شەممە 21ی شوباتی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بوو لەوەی دووپاتیکردەوە، رژێمی ئێران ناتوانێت بەردەوام بێت لە تێکدانی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە."
 
ئەم پەیامەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداری داوەتە تاران سەبارەت بە چالاکییەکانی لە ناوچەکە و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان.
 
رۆژی هەینی، 20ی شوبات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئێرانەوە گوتی، "بۆ ئەوان باشترە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکەن. دەزانن خەڵکی ئێران زۆر جیاوازن لە سەرکردەکانی ئێران. دۆخی خەڵکە دڵگرانکەرە."
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە خەڵکی ئێران "لە دۆزەخدا دەژین". ترەمپ بە رووداوی گوت، "دوو هەفتە لەمەوبەر"، بەرپرسانی ئێران بەنیازبوون 837 کەس لەسێدارە بدەن.
 
ترەمپ گوتیشی، بەرپرسانی ئێران "بەنیازبوون هەندێکیان بە کرێن هەڵبواسن، خەڵک بە کرێنی بەرزەوە هەڵدەواسن و بەنێو گۆڕەپانەکەدا دەیانسووڕێننەوە."
 
ترەمپ بە رووداوی گوت، "بەڵام پەیامم پێدان کە ئەگەر ئێوە یەک کەس، تەنانەت یەک تاکە کەس لەسێدارە بدەن، لە هەموو شوێنێکتان دەدرێت." گوتیشی، "من ئەوکات بەنیاز نەبووم چاوەڕێی دوو هەفتە دانوستاندن بکەم."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، پەیامەکەی کاریگەریی هەبووە، "ئەوان دەستیان لە لەسێدارەدانەکە هەڵگرت؛ ئەوان 837 کەسەکەیان لەسێدارە نەدا. دەبێت هیچ کەسێکیان لەسێدارە نەدابێت. بەڵام ئێستا دڵم زۆر تووندە بۆ خەڵکی ئێران، ئەوان لە دۆزەخدا دەژین."
 
قسەکانی ترەمپ ئاماژەن بۆ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025 و سەرەتای 2026.
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت و جنێڤ بەڕێوەچوون. ئەمریکا داوای سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران دەکات، لە بەرامبەردا ئێران جەختی لە "مافی" وڵاتەکەی بۆ پیتاندنی مادە ئەتۆمییەکە کردووەتەوە.
 
هاوکات لەگەڵ دیپلۆماسی، ترەمپ مۆڵەتی 15 رۆژی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن داناوە و وەک گوشارێک بۆ سەر ئێران، هێزی دەریایی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە