رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانی پاپا بۆ لای مەرجەعیەتی شیعە تەواوکەری سەردانی لای شێخی ئەزهەر، مەرجەعیەتی سوننەیە.
د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەم پاپایە لە دوای دەستبەکاربوونیەوە لە ساڵی 2013وە درووشمی لێکنزیککردنەەوی ئایینەکانی راگەیاند. بۆ ئەو مەبەستەیش کۆمەڵێک هەنگاوی کردەیی نا کە دوو جار لەگەڵ شێخی ئەزهەردا دیداری سازدا کە ساڵی 2020 پێکەوە گرێبەستی هاوپەیمانێتیی مرۆڤایەتییان واژۆ کرد. بۆیە ئێستا پێویست دەکات هەمان پەیامیش لەگەڵ ئیسلامی شیعیدا تاوتوێ بکات. ئەم سەردانە بۆ لای مەرجەعیەتی شیعە تەواوکەری سەردانەکەی لای مەرجەعیەتی سوننە، شێخی ئەزهەرە."
رۆژی شەممە 2021/03/06 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەموومان دەزانین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ململانێیەکی سیاسی هەیە، بەتایبەتی لە رووی بڕیاردانی مەرجەعیەتەوە کە شیعە بە شێوەیەکی گشتی بەسەر دوو مەرجەعیەتی قوم و نەجەفدا دابەش بوون. سەردانی پاپایش دانپێدانانێکی راستەوخۆیە بە مەرجەعیەتی نەجەفدا، چونکە ئەم مەرجەعیەتە میانڕەوترە و باوەڕی بە بابەتی ویلایەتی فەقیهـ نییە و مەرجەعیەتێکی عەرەبییشە."
رۆژی هەینی 2021/03/05 پاپا فرانسیس لە ئیتاڵیاوە بەرەو عێراق بەڕێ کەوت و کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا.
د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید ئەوەیشی گوت: "سەردانی پاپا گرنگیی خۆی هەیە و ئەو میوانە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جیهانی کریستیانەتی هەیە و پێگەیەکی دیاریکراوی لە جیهاندا هەیە. کۆمەڵگەی عێراق کۆمەڵگەیەکە کە پاشخانی ئایینی کاریگەریی لەسەری هەیە، بەتایبەتی مەرجەعیەتی شیعە دەتوانێت کاریگەری دروست بکات. بۆیە پاپایش درکی بەوە کردووە کە شیعە عێراق بەڕێوەدەبات و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەیە، لەبەر ئەوە بە پێویستی دەزانێت کە ئەو سەردانە بکات تا پەیامێک بگەیەنێت."
سیستانی کە ئێستا تەمەنی نزیکەی 90 ساڵە، بە دەگمەن دەردەکەوێت و زۆر دەگمەنیش پێشوازی لە شاندی بیانی دەکات. ڤاتیکان هیوا دەخوازێت پاپا فرانسیس لە نەجەف یاداشتنامەیەک لەگەڵ سیستانی واژۆ بکات. یاداشتێک کە گەرەنتی برایەتیی و پێکەوەژیان بکات، هەروەک چۆن لە میسر لەگەڵ شێخی ئەزهەر ئەو کارەی کرد.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سیستانی، پاپای ڤاتیکان بەرەو ناسرییە بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی لە شاری شوێنەواریی ئوور، کە بە شوێنی لە دایکبوونی ئیبراهیم کە بە پێغەمبەری باوکی پێغەمبەران دادەنرێت، گوتارێک لە بارەی برایەتیی نێوان ئایینەکان پێشکێش بکات.
هەرچەندە هێشتا عێراق گیرۆدەی ناسەقامگیریی ئەمنییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت سەردانەکەی پاپا فرانسیس کڵاوڕۆژنەیەک بۆ کریستیانەکانی ئەم وڵاتە بکاتەوە کە لە ساڵی 2003وە چەندینجار رووبەڕووی کوشتن، ئاوارەیی و کۆچکردن بوونەتەوە.
پاپا فرانسیس کە تەمەنی 84 ساڵە، 266ـەمین پاپای ڤاتیکانە و دەبێتە یەکەمین پاپا کە سەردانی عێراقی کردبێت. مەرجعی ملیارێک و 300 ملیۆن کریستیانی کاسۆلیکییە. پیاوانی ئایینی نەجەف هیواخوازن سەردانی ئەم کەسایەتییە بۆ لای مەرجعەکەیان ببێتە هاندەرێک بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ