دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە مانگێکدا 14 هەزار بەرپرس سامانی خۆیان ئاشکرا کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق دەڵێ، زیاتر لە 14 هەزار بەرپرس لە مانگێکدا فۆرمی ئاشکراکردنی داراییان پڕکردووەتەوە، پڕۆسەکەش بۆ پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو سەرەوە ناچارییە.
 
دەستەکە رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە مانگی نیساندا 14 هەزار و 387 بەرپرس سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی دەستەی دەستپاکی بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی ئەو زانیارییانەی لە فۆرمەکاندا تۆمارکراون، 87 سەردانی مەیدانییان بۆ دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەت ئەنجامداوە و وردکاریی دارایی بەرپرسانیان پشکنیوە.
 
لەو بارەیەوە عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسای هەموارکراوی دەستەی دەستپاکی، ئاشکراکردنی سەروەت و سامان بۆ سەرجەم بەرپرسانی دەوڵەت لە هەردوو کەرتی شارستانی و سەربازی دەبێتە ناچاری، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی."
 
عەلی محەممەد راشیگەیاند: "بەپێی یاسا، سەرجەم ئەو بەرپرسانەی پلەکەیان لە بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو سەرەوەیە، چ لە دامەزراوە شارستانییەکان و چ لە هێزە سەربازییەکان، پابەند دەکرێن بە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی خۆیان."
 
سەبارەت بە شێوازی پڕکردنەوەی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی دەستپاکی دەڵێت: "پڕۆسەی ئاشکراکردنی دارایی لە رێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە دەبێت کە لە 9 لاپەڕە پێکهاتووە. بەرپرسان دەبێت لە کاتی وەرگرتنی پۆستەکانیاندا ئەو فۆرمە پڕبکەنەوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکەن."
 
عەلی محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا پڕکردنەوەی فۆرمی سەرەتایی بەس نییە، بەڵکو فۆرمێکی دیکە هەیە بەناوی (فۆرمی گۆڕانکارییە ساڵانەکان) و ئەم فۆرمە بۆ ئەوەیە بەرپرسان ساڵانە هەر گۆڕانکارییەک لە دارایی و موڵک و ماڵیاندا رووی دا، تۆماری بکەن بۆ ئەوەی چاودێری وردی داراییان بکرێ.
 
حکومەتی عێراق دەڵێ، مەبەست لەم رێکارانە پاراستنی سامانی گشتی و دڵنیابوونەوەیە لەوەی بەرپرسان پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی بەکارناهێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هێرشی پێشوو بۆسەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە بەسرە و بنکەی ڤیکتۆریا لە بەغدا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

زیاتر لە 600 هێرش کراوەتە سەر نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە عێراق

ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی عێراق گەیاندووەتە لوتکە تاوەکو کۆتایی بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران بهێنێت؛ بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانیش، لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 600 هێرش کراوەتە سەر بنکە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق.