وەزارەتی بەرگری داوا لە دانیشتووانی گەڕەکێکی بەغدا دەکات، خانووەکانیان چۆڵبکەن

07-08-2021
گۆڤەند مستەفا
بە دانیشتووانی گەڕەکەکە گوتراوە، شوێنەکانیان چۆڵ نەکەن بە زەبری ھێز دەریان دەکەن
بە دانیشتووانی گەڕەکەکە گوتراوە، شوێنەکانیان چۆڵ نەکەن بە زەبری ھێز دەریان دەکەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی عێراق داوا لە دانیشتووانی گەڕەکێکی بەغدا دەکات کە خانووەکانیان چۆڵبکەن، چونکە "ئەو ناوچەیە و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە ئەگەر چۆڵی نەکەن، ئەوا بە زەبری هێز خانووەکانیان پێ چۆڵ دەکەن."
 
لە ناوچەی بنووک لە بەغدا لە دوای 2003ـەوە ژمارەیەک خێزان لە شوقەکانی گەڕەکی قاهیرە نیشەجێبوونە، کە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونە و هاوکات چەند خانووێکیش بە زیادەڕۆ لەو گەڕەکە دروستکراون، لە ماوەی رابردوودا چەندجارێک دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە خانووەکانیان چۆڵ بکەن و دوایین جاریش پێیانگوتراوە لە ماوەی سێ رۆژدا دەبێت شوێنەکانیان بەجێ بھێڵن، ئەگەرنا بە زەبری ھێز دەریان دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 07-08-2021 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، پێش چەند رۆژێک وەزارەتی بەگریی عێراق دانیشتووانی گەڕەکی قاهیرە کە بەشێکە لە ناوچەی بنووک لە بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.
 
وەزارەتی بەرگری هۆشداری بە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە داوە و دەڵێ، ئەو ناوچەیە و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە ئەگەر چۆڵی نەکەن، ئەوا بە زەبری هێز خانووەکانیان پێ چۆڵ دەکەن.
 
دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە، کە لە بنچەدا کوردە لەبارەی کێشەکەیان بە پەیامنێری رووداوی گوت: "ئێمە لە ساڵی 2003وە لەو شوێنە نیشتەجێین، لە 2005ـەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار ئاگادار کراوینەتەوە کە ئەو شوێنە چۆڵ بکەین و دەڵێن ئەمە موڵکی بەرگری و داراییە، هەر لە سەردەمی حکومی ئەیاد عەلاوییەوە تاوەکو ئێستا هەموو جارێک داوامان لێدەکەین ئەو شوێنە چۆڵ بکەین".
 
ئەو ژنە کورد دەپرسێت: "بۆ کوێ بچین؟ من تاقە ژنێکم لەگەڵ دوو کچم، پیاوم نەماوە، دایک و باوکم مردوون و برایەکیشم هەبوو بە کۆرۆنا مرد". دەشڵێت: "کێشەمان نییە بەسەرچاو دەردەچین، بەڵام با قەرەبوومان بکەنەوە".
 
دانیشتوویەکی دیکەی ئەو گەڕەکە هەر لەبارەی کێشەکانیان قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کردو گوتی: "شەش مانگ جارێک دێنە سەرمان و پێمان دەڵێن بڕۆنە دەرەوە، دەڵێن ئەگەر دەرنەچن، ئەوا بە هێز دەرتان دەکەین، باشە ئێمە بۆ کێ بچین؟".
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە دوای ساڵی 2003وە لە تەواوی عێراق سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس لە 400 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی زیادەڕۆ نیشتەجێبوونە، یان خانووی زیادەڕۆیان دروستکردووە یان چوونە نێو ئەو شوقە و کۆمەڵگە نیشتەجێبووانەی کە موڵکی حکومەت بوون و چۆڵبوون و ئەوان دەستیان بەسەردا گرتووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە