ژنێکی عێراقی دەبێتە فیتەر: لە تەمەنی 14 ساڵی لەگەڵ باوکم دەستم بەم کارە کرد

09-02-2022
ئاسۆ فیشەگی
مەیسوون حەسەن
مەیسوون حەسەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئافرەتەوە نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە بەشی زۆری وڵاتانی جیهان نامۆیە. ژنێکی عێراقیش پیشەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی هەڵبژاردووە و لە باوکیەوە فێری پیشەکە بووە.
 
مەیسوون حەسەن، دەرچووی بەشی زمانی عەرەبییە، بەبێ گوێدانە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، کە رێگەنادەن ئافرەت لە هەموو بوارێکدا لە عێراق کار بکات، پیشەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، کە لە تەمەنی منداڵییەوە لە باوکیەوە ئاشنای بووە.
 
مەیسوون حەسەن دەڵێت، "بەکالۆریۆس و دیبلۆمی زمانی عەرەبیم هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دامەزراندن نییە ئەم کارەم هەڵبژارد بۆ بژێویی ژیان، لە منداڵییەوە فێری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بووم لە باوکمەوە خودا لێی خۆش بێت، لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستم بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی کرد، دواتر دەستم بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی و ئەڵمانی کرد، هەروەها لە خولی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی کۆرییش لە وەزارەتی کار بەشدار بووم".
 
ئەو ژنە کە دانیشتووی بەغدایە، هیوادارە حکومەت هاوکاریی بکات، بۆئەوەی پرۆژەکەی گەورەتر بکات. ئەو دەڵێت، "ئافرەتانی زۆر هەن لە عێراق کە دەرچووی بەشی میکانیکن لە کۆلێژی ئەندازیاری و ئاواتەخوازن بتوانن لەم بوارەدا کار بکەن، بەڵام هەلیان بۆ ناڕەخسێت".
 
مەیسوون حەسەن دەڵێت، "بە تەنیا کار دەکەم، ئۆتۆمبێلەکە چاکدەکەمەوە، خۆم ئۆتۆمبێلەکە دەشۆم و هەر خۆم بە تەنیا خزمەتی ئۆتۆمبێلەکە دەکەم، بەڵام خوازیارم بتوانم قەرزێک وەربگرم و ئامێری پێویست بکڕم بۆ نموونە ئامێری شووشتن و گۆڕینی رۆن، بۆئەوەی پرۆژەکەم گەشە بکات".
 
ئەوانەی دەچنە لای مەیسوون زیاتر ئافرەتن، تەنانەت مەیسوون خۆیشی نایشارێتەوە کە ئامانجی ئەو لە کردنەوەی گەراجەکەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە بۆ ئافرەتان، کە بەهۆی نەریتەوە نامۆیە بچنە لای پیاوان بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان.
 
لە دوو دەیەی رابردوودا بەراورد بە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو؛ ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە ئۆتۆمبێل لە عێراق لێدەخوڕن زۆر زیاتر بوو، لە کاتێکدا وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "نزیکەی حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراق هەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە