ئۆتۆمبێل لە سەرەتای ساڵی نوێوە بە مەرجی نوێ هاوردەی عێراق دەکرێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق دەڵێ، لە سەرەتای ساڵی نوێوە هیچ ئۆتۆمبێلێک بێ جێبەجێکردنی مەرجە نوێیەکان، هاوردەی عێراق ناکرێ.
 
فەیاز دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رێککەوتی 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەبێت سەرجەم بازرگانان و هاوردەکاران پابەندی "داواکاریی تەکنیکی ژمارە 167" بن کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە.
 
د. فەیاز دلێمی گوتی، بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلیان 2025 و سەرووترە، دەبێت پابەندی مەرجەکان بن، ئینجا بە بەنزین، گاز، کارەبا کار بکەن یان هایبرید بن.
 
فەیاز دلێمی گوتی، دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ کەشی عێراق دروست کرابن و رەچاوی سەلامەتی، وزە، پاراستنی ژینگە بکەن و ئێیەرباگیان تێدا بێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەو بڕیارە سنووردانانە لە هێنانی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی هەڕەمەکی.
 
بەگوتەی فەیاز دلێمی، ماوەیەکە ئامادەکارییان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کردووە، هەموو لایەنە پەیوەندارەکانیان لە کۆمپانیا و بازرگان و هاوردەکاران ئاگادار کردووەتەوە کە بڕیارەکە لە 1-1-2026 دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو ئەوانیش ئامادەکاریی خۆیان بکەن. 
 
فەیاز دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێک قەدەخە ناکات، بەڵام دەبێت هەموو ئۆتۆمبێلێک پابەندی داواکاریی تەکنیکی ژمارە 167 بێت کە مەرجی تووندی سەلامەتی و ژینگەیی لەخۆدەگرێ.
 
فەیاز دلێمی بۆ رووداوی روونکردەوە، میکانیزمی پشکنینی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان دەگۆڕدرێ. پێشتر عێراق پشتی بە بڕوانامەی رێکخراوی ستانداردی کەنداو (GSO) دەبەست. 
 
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، تیمی پسپۆڕی عێراقی خۆی سەردانی کارگەکانی بەرهەمهێنەر دەکات بۆ پشکنین، سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی یەکگرتوو بۆ تۆمارکردن و پرۆسەی پشکنین دروست دەکرێ، تاقیگەی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکان دادەنرێ بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ستاندارد نین یان زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئاماری دەستەی سەرژمێریی عێراق بۆ ساڵی 2024 دەریخستووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی تۆمارکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 8.2 ملیۆن ئۆتۆمبێل کە بە هەر شەش کەس ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت. ئەو ئامارە بەشێکە لە پێنوێنیی ساڵانەی دەستەکە و رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاویکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە