یۆنامی واژۆکردنی بەڵگەنامەی رادەستکردنی بارەگا سەرەکییەکەی لە بەغدا راگەیاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، ئەمڕۆ شەممە واژۆکردنی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگا سەرەکییەکەی لە بەغدا بە حکومەتی عێراقی راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025 "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) بەڵگەنامەکانی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگا سەرەکییەکەی لە بەغدا بە حکومەتی عێراق واژۆ کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک پێش کۆتاییهاتنی وادەی کارکردنی نێردەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025."
 
کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن، لەبری یونامی و محەممەد بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ پەیوەندییە دوولایەنەکان، لەبری حکومەتی عێراق واژۆی بەڵگەنامەکەیان کردووە.
 
یۆنامی دەڵێ، ئەم هەنگاوە ئەنجامی هاوئاهەنگییەکی نزیکی چەند مانگی رابردووی نێوان هەردوو لایەنە و گوزارشتە لە گواستنەوەی قۆناخی کارکردن لە نێردەی یۆنامییەوە بۆ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کە وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە هاوبەشیی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق هەژمار دەکرێ.
 
8ى نیسانی 2024 حکومەتى عێراق لە نامەیەکدا بۆ سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد تاوەکو کۆتایی 2025 کۆتایی بە ئەرکى یونامى لە عێراق بهێندرێ.
 
یونامى لە ساڵى 2003 لەسەر داواى حکومەتى فیدراڵى و بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 1500ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پێکهێندرا؛ لە ساڵى 2007 بە بڕیارى ژمارە 1770 سنوورى کارەکانى لە چوارچێوەى هاوکاریکردنى عێراق فراوانتر کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە