رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتىی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، لەم ساڵدا 10 هەزار شوێنیان بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی داخستووە و سزای پێبژاردنیان داون.
هەینى 19ى کانوونی یەکەمی 2025، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار باڵەخانەی بازرگانی، کارگە و پڕۆژەی دیکەیان لە عێراق داخستووە، بەهۆی ئەوەی مەرجی سەلامەتییان نەبووە و سزای پێبژاردنیش دراون کە بڕەکەی لە نێوان 250 هەزار دینار بۆ یەک ملیۆن دینار بووە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 3018 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و تیمەکانیان بایی 33 ملیار و 853 ملیۆن و 105 هەزار دینار کاڵا و شوێنی بازرگانییان لە سووتان رزگار کردووە.
نەواس سەباح شاکر رایگەیاند، بۆ کردنەوەی ئەو شوێنانەی داخراون، پێویستە مەرجی سەلامەتی فەراهەم بکەن، بەتایبەت ئامێری ئاگرکوژێنەوەى تەڕ و وشک، سیستمی ئاگادارکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە و دروستکردنی دەرچەی رزگاربوون.
بەگوتەی هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەگەر هەیە ژمارەی شوێنکارە داخراوەکان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ زیاتر بن.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی عێراق، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەم ساڵدا بەراورد بە پار 58% کەمیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ