رووداو- هەولێر
بەرپرسێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەڵێت، لەنێو ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش کە لە سووریاوە هێنراونەتە نێو زیندانەکانی عێراق، کەسانێک هەن کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە چوار بۆ شەش مانگ دەخایەنێت.
عەلی زیا، یاریدەدەری سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، لەنێوان 7000 بۆ 8000 کەس بن.
عەلی زیا گوتی، هەندێک لەوان مەترسیدارن و تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی.
عەلی زیا بە میدیای فەرمیی عێراقی گوت: "ئەو لێکۆڵینەوانەی لەگەڵیان دەکرێ لە سفرەوە دەستپێدەکات."
ژمارەیەک لەو زیندانییانەی داعش کە لە سووریاوە رەوانەی عێراق دەکرێن 'دەستیان بە خوێنی کوردانی ئێزدی سوورە' pic.twitter.com/rjSP7TxoR4
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 9, 2026
لە 28ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو داعشانە دەستیپێکردووە کە بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق گوێزراونەتەوە.
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، ئەو داعشانە خەڵکی 42 وڵاتی جیاوازن و دەڵێت: "ناکرێ باس لە رادەستکردنەوەیان بە وڵاتەکانیان بکرێ تاوەکو لێکۆڵینەوە لەگەڵیان تەواو نەبێت کە پێشبینی دەکرێ چوار بۆ شەش مانگ بخایێنێت".
ئەو داعشانە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بوون.
عەلی زیا گوتی، ناوەندەکەیان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بە هاوئاهەنگی هێزە ئەمنییەکان پێکهێناوە بۆ پشتبەستن بەو بانکە زانیارییەی تاوانەکانی داعشی لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 تێدا تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ