رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هێرشەی کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر داوای لێبووردنی کردووە و پابەندبوونی خۆی دووپات کردووەتەوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کە تێیدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون.
ئەو گوتانەی فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەیەکی دا بوو لەگەڵ پاتریک دۆریل، باڵیۆزی فەرەنسا کە پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026 لە بەغدا ئەنجام درا.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو دیدارەدا فوئاد حوسێن پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئەمنی لەسەر بنەمای هێرشەکانی ئەم دواییە خستەروو، لەوانەش هێرشەکەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران داوای لێبووردنیان سەبارەت بە رووداوەکە کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەو شوێنەی ئامانجیان بووە بارەگای پێشمەرگە نەبووە و پابەندبوونیان دووپات کردووەتەوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە.
باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق سەرەخۆشیی لە شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە ئەنجامی بۆردوومانێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 24ی ئادار لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون.
فوئاد حوسێن لە رێگەی باڵیۆزی فەرەنساوە سەرەخۆشیی گەیاندە حکومەتی ئەو وڵاتە بە بۆنەى کوژرانی یەکێک لە سەربازانیان لە هەرێمی کوردستان.
ئارنۆ فریۆن، سەربازێکی فەرەنسی لە 12ی ئاداری 2026 لە هێرشێکدا بە درۆن لە سنوورى هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کوژرا و 6 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ