وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: پلانی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی کەمپی هۆلمان نییە

09-04-2021
شەونم عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کەمپی هۆل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
               
زیاتر لە 30 هەزار عێراقی لە كەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستانن. ئیدارەی كەمپەكەش دەڵێت دەسەڵاتدارانی عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی 500 خێزان لە نێو كەمپەكە دەدەن، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەو زانیارییە رەتدەكاتەوە.
 
سەرچاوەیەك لە نێو كەمپی هۆل، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "30 هەزار و 900 كەس لە نێو كەمپی هۆڵ نیشتەجێن، کە لە 8 هەزار و 226 خێزان پێکدێن".
 
سەبارەت بە رەوشی عێراقییەكان لە نێو كەمپەكە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "گوزەرانی سەرجەم پەنابەرانی نێو كەمپەكە سەختە، چونكە لە زۆر پێداویستی بێبەشن، بەتایبەتی پێداویستیی پزیشكی و خزمەتگوزاریی گشتی، هەر خێزانێكیش مانگانە هەندێک خۆراک و كەرەستەی پاككردنەوەیان دەدرێتێ، هیچ هاوكارییەكی داراییش نییە".
 
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە سەرچاوەکەی کەمپی هۆل دەڵێت: "15 رۆژە شاندێكی حكومەتی عێراق لە كەمپەكەیە، لەگەڵ ئیدارەی کەمپەکە رێککەوتوون 500 خێزان بگەڕێننەوە، ئێستاش ئامادەكاری دەكرێت بۆ گەڕاندنەوەی 100 خێزان".
 
لە 30ی ئاداری رابردوو، هێزەكانی سووریای دیموكرات هەڵمەتێكی ئەمنییان دژی چەكدارانی داعش و هاوكارەكانیان لە نێو كەمپی هۆڵ کرد، كە بەمدواییە چەند رووداوێكی ئەمنی و تیرۆریستی بەخۆیەوە بینی، بەپێی ئەو سەرچاوەیە: "لە هەڵمەتەكەدا نزیكەی 200 كەس دەستگیركران كە زیاتر لە نیوەیان عێراقی بوون."
 
زیاتر لە 5 هەزار ئاسایشی هێزەكانی سووریا دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل و ئاسایش لە هەڵمەتەكەی نێو كەمپی هۆل بەشداربوون، كە نزیكەی 62 هەزار پەنابەر لەخۆدەگرێت، زۆربەشیان ژن و منداڵن، سەرەڕای هەزاران خێزانی بیانی، كە شوێنێكی تایبەتیان بۆ تەرخانكراوە و بە چڕی چاودێری دەكرێن.
 
رۆژی 2-4-2021 ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە ئامادەبوونی هەڵسورێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە سووریا، چاوی بە ژمارەیەك خێزانی عێراقی كەوت، هەروەها لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ، دەرەوە، ئیدارەی خۆجێی و ژینگەی سووریا كۆبووەوە.
 
بەڵام عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیكردەوە سەردانەكەی وەزیری كۆچ و كۆچبەران پەیوەندی بە رەوشی نێو كەمپی هۆڵەوە هەبێت و گوتی: "سەردانەكە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقیانە بوو، كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی سووریان بۆ ئەوەی هاوكاری پێویستیان پێشكەش بكات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت ئەو پەنابەرە عێراقیانە نزیەی 4 هەزار کەس دەبێت و لە نێو كەمپێك نێشتەجێكراون و لەگەڵ كۆمەڵگەی سووری تێكەڵ بوونە، ژمارەیەكی زۆریشیان لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لە سووریا دەژین و ئەوانەی دیكەش لە دوای ساڵی 2006 روویان لە سووریا كردووە.
 
بە گوتەی عەلی عەباس سەرەڕای ئاسانكاری بۆ گواستنەوەیان، بەڵام پێدەچێت ئەو پەنابەرە عێراقیانە نیازی گەڕانەوەیان نەبێت، هەروەها زۆربەيان پێشتر بە هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان گواستراونەتەوە وڵاتانی دیكە.
 
سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی عێراقی لە كەمپی هۆل، عەلی عەباس گوتی: "هیچ بەرنامەیەكی لەو جۆرە لەئارادا نییە، تاوەكو ئێستاش هیچ لایەنێك لەمبارەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقدا نەكردووە".
 
پێشتر حكومەت كاری لەسەر دروستكردنی كەمێك كرد لە قەزای شنگال بۆ گواستنەوەی عێراقییەكانی كەمپی هۆل، بەڵام بەهۆی مەترسیی خێزانەكانی داعش لەسەر ناوچەكە، پڕۆژەكە لەلایەن دانیشتووانی شنگال رەتكرایەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەڵێت: "ماوەیەكە پڕۆژەی دروستكردنی كەمپەكە هەڵوەشاوەتەوە، ئێستاش هیچ نیازێك نییە بۆ گەڕاندنەوەیان، بەڵكو وەزارەت جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان سەرجەم كەمپەكانی دیكەی لە پارێزگاكانی عێراق داخستووە".
 
سەبارەت بە پرسی دادگاییكردنی داعشە عێراقییەکان لە سووریا، عەلی عەباس گوتی: "وەزارەت مامەڵەی مرۆیی لەگەڵ ئەو كەیسەدا دەكات، بەڵام لەرووی دادوەرییەوە دەبێ یاسای عێراقی جێبەجێبكرێت و رێكاری پێویست بەرامبەر ئەوانە بگیرێتەبەر كە بکوژن."
 
چەندینجار نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریداوە لە خراپی رەوشی ئەمنی لە نێو كەمپی هۆل، مانگی رابردووش لە راپۆڕتێكدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كردەوەكانی داعش و گرووپە تووندڕەوەکان  ئاگاداركردووەتەوە لە بڵاوكردنەوەی هزری تووندڕەوی، مەشقپێكردن، كۆكردنەوەی پارەو هاندان بۆ جێبەجێكردنی كردەوەی پەڕگیرانە، كە هەندێك لە دەستگیركراوان بە دوایین شوێنی خەلافەتی دەزانن.
 
لە چەند مانگی رابردوو كەمپی هۆل ژمارەیەك رووداوی ئەمنی بەخۆیەوە بینی، لەوانە هەوڵی هەڵاتن، هێرشكردنە سەر پاسەوانانی كەمپەكە و كارمەندانی رێكخراوە مرۆییەكان.
 
پێشتر مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە توێتێكدا داوای لە وڵاتانی بیانی كرد هاووڵاتیانیان بگەڕێننەوە و هاوكاری مرۆیی زیاتری كەمپی هۆل بكەن، بۆ باشتركردنی گوزەرانی دانیشتووانەکەی.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای سووریا تائێستا چەندینجار داوایان لە وڵاتان کردووە داعشە بیانییەکان وەربگرنەوە، یان دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییكردنی چەكداران دابمەزرێنن، بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانە ئامادەنین هاووڵاتیەەكانیان وەربگرنەوە، جگە لە چەند وڵاتێك لەوانەش فەرەنسا ژمارەیەكی دیاریكراوی منداڵی چەكدارانی داعشی وەرگرتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی داواکاری گشتیی لە بەرلین

داواکاری گشتیی بەرلین بۆ رووداو: هاووڵاتییەکی عێراقی تۆمەتباری دزییەکی گەورەی دزینی زێڕ و خشڵی دیکەیە

داواکاری گشتیی بەرلین دەڵێ، هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە دزینی خشڵ و کاتژمێری گرانبەها بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ تۆمەتبار دەکرێ، لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە. بە گوتەی داواکاری گشتی، دیار نییە تۆمەتبارەکە عەرەبە یان کورد یان چ نەتەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی نییە.