رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیى پەرلەمانی عێراق، 11ی نیسانی دیار کرد بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. بە گوتەی پەرلەمانتارێک، تاوەکو ئێستا رێكکەوتن لەبارهی بەربژێرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران نەکراوە.
پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی دانیشتنەکەی بڵاوکردەوە کە شەممە 11ی نیسانی 2026 دەکرێت و لە یەک بڕگە پێکدێت کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە.
بەگوێرهی کارنامەکە، دانیشتنەکە کاژێر 11:00ی بەیانیی دەکرێت، 19 بەربژێر کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا کورد لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتوون و شیعەکانیش لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران".
لە 24ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە "زۆرینەی دەنگ" نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاری کرد، بەڵام سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی بەربژێربوونی وەستایەوە؛ پێشبینی دەکرێت کە بەشێک لە لایەنەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە گوشار بکەن بۆ گۆڕینی بەربژێرەکەیان.
سەلوان ئاکرەیی، پێشبینی دەکات بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران، رێژەی یاساییی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستەبەر نەبێت و دانیشتنەکە نەکرێت.
بەگوێرەی دەستوور، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانى عێراقە کە 220 پەرلەمانتارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ