رووداو دیجیتاڵ
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەچوو و هیچ کام لە بەربژێران نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و هەڵبژاردنەکە چووە گەڕی دووەم.
بەپێی دەستووری عێراق، بۆ بوون بە سەرۆککۆمار، هەر بەربژێرێک پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێ (واتە 220 دەنگ)ی ئەندامانی پەرلەمانە. پێش دەستپێکردنی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان، هەریەکە لە لەتیف رەشید و ئاسۆ فەرەیدوون لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کشانەوە.
لە دانیشتنەکەدا 252 پەرلەمانتار ئامادەبوون و دەنگیان دا و دەنگی بەربژێران بەمجۆرە بوو:
نزار ئامێدی 208 دەنگ
فوئاد حوسێن 16 دەنگ
موسەننا ئەمین 17 دەنگ
پووچەڵ 9 دەنگ
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی 2 دەنگ
بافڵ تاڵەبانی لەنێو هۆڵی پەرلەمان ئامادەبوو و هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا پرسیاری لێکرد لەبارەی ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی دەبێتەوە لە بەرژەوەندی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی گوتی: "بێگومان یەکلایی ئەبێتەوە."
لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی ئامادە نەبوون.
چەند خولەکێک دوای تەواوبوونی گەڕی یەکەم، پەرلەمان زەنگی چوونەژوورەوەی بۆ پەرلەمانتاران لێدا، بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دەنگدان.
بەگوێرەی دەستووری عێراق لە گەڕی یەکەمدا ئەگەر هيچكام لە بەربژێرەکان دەنگى زۆرينەى پێويستى بەدەست نەهێنا، ئەوا كێبڕکێ لە نێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەبێت كە زۆرترين دەنگيان بەدەستهێناوە. ئەو كەسەش لە گەڕی دووەمدا زۆرترين دەنگی بەدەستبهێنا، دەبێتە سەرۆككۆمار.
بەپێی ژمارەی دەنگەکان نزار ئامێدی و موسەننا ئەمین لە گەڕی دووەم وەک بەربژێری سەرۆککۆمار دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ