پەرلەمانتارێکی پارتی: بەشێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگیان بە رێباز حەملان نەدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
ئاڤێستا مام یەحیا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ئاڤێستا مام یەحیا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، متمانە نەدانی پەرلەمان بە رێباز حەملان، بەربژێری حیزبەکەی بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن "هەژەند و پیلانێکی پشت پەردە" بووە و فراکسیۆنەکەیان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکات.
 
ئاڤێستا مام یەحیا، لەبارەی رووداوەکانی نێو دانیشتنەکەوە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئەوەی لە پەرلەمان روویدا سوپرایز بوو، بە خەیاڵیشماندا نەدەهات وەزیرێکی ئێمە متمانەی پێ نەدرێت." 
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، نزیکەی دوو کاژێر پێش دەنگدانەکە "لۆبییەکی دژ" دروست بوو، تێیدا ڤیدیۆی مۆنتاژکراو لە گرووپەکاندا بڵاوکرایەوە و هەوڵدرا رێباز حەملان و پارتی بە ئیسرائیلەوە ببەسترێنەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "شتەکە هەر لەنێو دانیشتنەکەدا بە خێراییەکی زۆر روویدا، دیارە پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو."
 
جگە لەوەش، ئاڤێستا مام یەحیا رەخنە لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دەگرێت و دەڵێت، سەرۆکی پەرلەمان بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە ناوی بەربژێرەکانی نەخوێندەوە. "بۆ نموونە، دەبوو وەزیری ژینگە لە کۆتاییدا بێت، کەچی لە پێنجەم ناو هات. کامەیان ویستوویانە لە سەرەتا دەنگی پێبدرێت، ئەوەیان خوێندەوە."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، فراکسیۆنی پارتی بڕیاری داوە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر پرۆسەی دەنگدانەکە تۆمار بکات: "بڕیارێکی جیدی هەیە کە سکاڵا تۆمار بکەین."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکانی دیکە، ئاڤێستا مام یەحیا دەڵێت، "بەشێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی دەنگیان بە رێباز حەملان نەدا، "بەڵام دەنگیان بە فوئاد حوسێن بۆ وەزارەتی دەرەوە داوە".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەو پەرلەمانتارە نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی لە کارنامەی حکومەتدا ناوی "هەرێمی کوردستان" بە روونی نەهاتووە، بەڵام هیوای خواست سەرۆکوەزیرانی نوێ "هەنگاوی پۆزەتیڤ" بەرامبەر هەرێمی کوردستان بنێت.
 
رۆژی شەممە 16/5/2026، عەلی زەیدی، وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکار بوو، دوای ئەوەی رۆژی پێنج شەممە 14/5/2026 بەشێکی وەزارەتەکانی لە پەرلەمانی عێراق متمانەیان پێدرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە