رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، وەزیری نوێی دارایی بەهۆی پاشخانە سیاسی و پیشەییەکەیەوە دەبێتە هۆکاری لێکتێگەیشتنی زیاتر و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
محەممەد حوسام حوسێن لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "دەمەوێ براکانمان لە هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە کە وەزیری دارایی سەر بە لایەنێکی سیاسییە (رەوتی حیکمە) و سەرکردەیەکی دیارە تێیدا. ئەو لایەنەش پەیوەندییەکی مێژوویی، توندوتۆڵ و بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، جیاوازیی وەزیری ئێستا لەگەڵ وەزیرەکانی پێشوو لەوەدایە "ئەمڕۆ وەزیرێکی سەربەخۆمان نییە کە ئاراستە و لایەنی سیاسیی دیارنەبێت، بەڵکو وەزیرێکی سیاسیمان هەیە کە هاوکات شارەزاییەکی زۆری لە بواری دارایی، بودجە و سیستەمی نەختینەییدا هەیە. ئەم ناسنامە روونە سیاسییە دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکەی پشتیوانی بکات بۆ ئەوەی رۆڵێکی کاراتر و پشتیوانتر بۆ هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد بگێڕێت و کێشەکان بە کردەیی چارەسەر بکات."
جەختیشی کردەوە لەم کابینەیەدا وەزارەتی دارایی "چالاکتر و پشتیوانتر" دەبێت، بەتایبەتی بۆ کورد؛ چونکە بڕیارەکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی سیاسییەوە دەبن.
ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی
محەممەد حوسام حوسێن باس لە دۆخی نێوخۆیی هێزە شیعەکان کرد، بەتایبەت دوای ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" دەکەن، گوتی، "شتێک بەناوی لێکترازان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوونی نییە و مەحاڵیشە، چونکە چوارچێوەکە حزبێکی سیاسی یان هاوپەیمانییەکی توند نییە، بەڵکو کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی ئەو هێزە سیاسییانەیە کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو دەکەن."
حوسێن باسی لەوەش کرد، ئەو گۆڕانکارییانەی لەنێوان کوتلەکاندا روودەدەن، وەک گواستنەوەی پەرلەمانتاران لە لیستێک بۆ لیستێکی دیکە، شتێکی نوێ نییە و پێشتریش روویداوە، گوتیشی: "ئەمە پەیوەندیی بە سروشتی هێزە سیاسییەکانەوە هەیە و نابێتە هۆی تێکچوونی بنەمای چوارچێوەی هاوئاهەنگی."
کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی، لە 23 وەزارەت پێکهاتووە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایار، 19 بەربژێری وەزیر برانە پەرلەمان، دەنگ بە 18یان درا و 14یان پەسندکران. یەکێکیان (وەزیری ناوخۆ) دواخرا و چواریش ماون بخرێنە دەنگدانەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد حوسام حوسێن باسی لە پرۆسەی دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی کرد و بە "ئاسایی" وەسفی کرد و گوتی: "ئەو دۆخەی لە کاتی دەنگدانەکەدا دروستبوو، بارودۆخێکی ئاسایی بوو و لە زۆربەی حکومەتەکاندا دووبارە دەبێتەوە. جیاوازیی روانگەکان لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا سروشتییە."
سەبارەت بەوەی بۆچی هەندێک کاندیدی کوتلە شیعەکان تێنەپەڕین، حوسێن روونیکردەوە: "هەندێک هێزی سیاسی کاندیدەکانیان تێنەپەڕی یان بۆ قۆناخی داهاتوو دواخران. بۆ نموونە، براکانمان لە دەوڵەتی یاسا وەزیریان هەبوو بەڵام لەم گەڕەدا تێنەپەڕین؛ دڵنیایان دەکەینەوە کە ئیستیحقاقی وەزارییان پارێزراوە و لە گەڕی داهاتوودا کاندیدەکانیان تێدەپەڕێندرێن."
لە کۆتاییدا حوسێن جەختی کردەوە کە حکومەتی نوێ بەهۆی هەبوونی "بەرنامەی وەزاریی" ورد و خشتەی کاتی بۆ کارەکانی وەزارەتەکان، خاڵی هێزی زۆری تێدایە و دەرفەتێکی باشی لەبەردەمە بۆ سەرکەوتن و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ