جەزائیری: مالیکی و سوودانی لەلایەن نەجەفەوە رەتکراونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەبدولرەحمان جەزائیری، ئەندامی سەرکردایەتیی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، مەرجەعییەتی باڵا لە نەجەف هەریەکە لە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتکردووەتەوە و دەڵێت، ئێستا شەش سەرکردەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی واژۆیان بۆ "باسم بەدری" کردووە.
 
عەبدولرەحمان جەزائیری، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو دواخراوە، چونکە ئێستا بوونەتە دوو تیم؛ تیمی مالیکی و تیمی سوودانی، ئەمەش دابەشبوونێکی سروشتییە."
 
"نەجەف مالیکی و سوودانیی رەتکردەوە"
 
سەبارەت بە هەڵوێستی مەرجەعییەتی باڵا لە نەجەف، عەبدولرەحمان جەزائیری ئاشکرای کرد: "30 بۆ 40 رۆژ لەمەوبەر، 9 ناو رەوانەی نەجەف کران، بەڵام مەرجەعییەت بە پشتبەستن بە بنەمای (تاقیکراوە تاقیناکرێتەوە)، زۆربەی ناوەکانی رەتکردەوە، لەوانەش مالیکی، سوودانی و حەیدەر عەبادی."
 
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا باسم بەدری، کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی حزبی دەعوە، چانسی زۆرە و گوتی: "تاوەکو ئێستا شەش سەرکردە واژۆیان بۆ کردووە، ئەوانیش (مالیکی، هومام حەموودی، قەیس خەزعەلی، ئەبو ئالا، موحسین مەندەلاوی و هادی عامری)، تەنیا یەک دەنگی دیکە پێویستە بۆ یەکلایی کردنەوەی."
 
لەبارەی هەڵوێستی هەولێر بەرامبەر بەربژێرەکان، عەبدولرەحمان جەزائیری گوتی: "هەولێر تێبینیی لەسەر سوودانی هەبوو، چونکە نەیتوانی هەڵوێستێکی گەورە بنوێنێت بۆ بەرگری لەو هێرشانەی دەکرانە سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها تانەدان لە سەرۆک بارزانی کە سیاسەتڤانێکی پێشەنگە، هەڵەیەکی گەورە بوو."
 
دەشڵێت: "هەولێر لە بەغدا قسەی ناشکێنرێت و رێککەوتنمان لەگەڵ هەولێر هەیە، بۆیە رەنگە رۆژی دووشەممە هەموو کارەکان کۆتاییان بێت و بەربژێری نوێ رابسپێردرێت."
 
مۆبایلەکەی مالیکی داخراوە؟
 
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن نووری مالیکی وەڵامی پەیوەندییەکان ناداتەوە، عەبدولرەحمان جەزائیری گوتی: "ئەمە دوورە لە راستییەوە، مالیکی شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەی دەوڵەتی یاسا بووە و بەردەوام لەسەر هێڵە، ئەوەی دەگوترێت تەنیا دەنگۆی میدیاییە."
 
وەزارەتی دەرەوە بۆ کوردە
 
سەبارەت بە پشکی کورد لە کابینەی نوێدا، عەبدولرەحمان جەزائیری پێشبینی کرد،کورد 3 بۆ 4 وەزارەتی بەر بکەوێت و گوتی: "زۆرینەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆکن لەسەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوە بۆ برایانی کورد بێت، چونکە لە رابردوودا کارێکی گەورەیان تێدا کردووە."
 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرێت، یان دواکەوتووە؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: پێم وایە کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو دوادەخرێت، چونکە ئێستا چوارچێوە بووەتە دوو تیم؛ تیمی مالیکی و تیمی سوودانی و هاوڕێکانی. ئەم دابەشبوونە ستراتیژییەتێکی زۆر سروشتییە. سوودانی سازشی بۆ مالیکی کرد، بەڵام دواتر دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەکی هەبوو کە کاریگەریی زۆریان لەسەر پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران دانا. مالیکی چەند مەرجێکی داناوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە نابێت هیچ کەسێک پێشتر سەرۆکوەزیران بووبێت، دووبارە ببێتەوە؛ واتە سوودانی، عەبادی، کازمی یان هەر ناوێکی دیکە کە پێشتر لەو پۆستەدا بوون، رەتکراونەتەوە. پێم وایە مالیکی کەسێکی نزیکی خۆی هەڵبژاردووە کە ئەویش باسم بەدرییە، یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی حزبی دەعوە، بۆ ئەوەی ئەو گرێکوێرەیە لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بکاتەوە.
 
رووداو: مادام مالیکی قبووڵ نییە و ئەویش سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو رەت دەکاتەوە، کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: ئەگەر بمانەوێت لە 48 کاژێری داهاتوودا باس لە سازانێک بکەین، دەبێت راوێژ لەگەڵ مێزە هاوبەشەکانی دیکەش بکرێت. بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو سازانی هەرێمی کوردستانیش پێویستە. من پێم وایە لە نێوان تیمی سوودانی و تیمی مالیکی، کەسێک دەبێتە یەکلاکەرەوە.
 
رووداو: ئەو کەسە باسم بەدرییە یان ناوی دیکەش هەیە؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: سوودانی و هاوبەشەکانی باسم بەدرییان رەتکردووەتەوە و تێبینییان لەسەری هەیە. هەندێک ناوی دیکەش هەن، وەک حەمید شەتری، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی عێراق. هەروەها ناوی عەبادیش هاتبوو، بەڵام ئەو زانیارییەی لای منە، باسم بەدری زۆرترین پشتگیریی هەیە. من خۆم قسەم لەگەڵ باسم بەدری کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە رەنگە تەنیا یەک دوو لایەن لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی مابن کە رازی نەبن.
 
رووداو: باست لەوە کرد 6 کەس واژۆیان بۆ باسم بەدری کردووە، دەتوانیت ناوەکان بڵێیت؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: بەڵێ، سەرەتا مالیکی واژۆی کردووە، واتە دەوڵەتی یاسا. هەروەها شێخ هومام حەموودی، شێخ قەیس خەزعەلی، ئەبوو ئالا، موحسین مەندەلاوی و هادی عامری. ئەمانە 6 کەسن کە واژۆیان کردووە.
 
رووداو: کەواتە پێویستی بە یەک دەنگی دیکە هەیە؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: بەڵێ، پێویستی بە دەنگێکی دیکە هەیە. لێرەدا رۆڵی سەرکردە کوردییەکان لە مێزی هەولێر گرنگە؛ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کاریگەریی زۆریان هەیە و بەغدا هەرگیز قسەی ئەوان ناشکێنێت. باسم بەدری لە ساڵی 2013ـەوە کەسایەتییەکی گرنگ و میانڕەوە و خاڵی بەهێزی زۆرە.
 
رووداو: بۆچی هەولێر رازی نییە سوودانی ببێتەوە سەرۆکوەزیران؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: تێبینییەکانی هەولێر زۆرن. بەداخەوە حەلبووسی رۆڵێکی خراپی بینی و تانەی لە سەرۆک مەسعود بارزانی دا کە سیاسەتڤانێکی پێشەنگە. هەروەها ئەو مانۆڕەی بافڵ تاڵەبانی لەسەر پرسی سەرۆککۆمار ئەنجامیدا هەڵەیەکی گەورە بوو. ئێمە پێمان وایە هەولێر لەگەڵمان هاوئاهەنگ دەبێت، چونکە خاوەنی 45 بۆ 50 پەرلەمانتارن. هەولێر کێشەی مووچە، کەرکووک و هێرشە درۆنییەکانی هەبوو؛ سوودانی نەیتوانی هەڵوێستێکی تووند بنوێنێت بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە.
 
رووداو: دەگوترێت مالیکی مۆبایلەکەی داخستووە و بەو هۆیەوە کۆبوونەوەکان دواکەوتوون، ئەمە راستییە؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: نەخێر، پێم وانییە. ئەمە تەنیا قسەی میدیاکانە. پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ مالیکی و شەوی رابردووش لە کۆبوونەوەی حیزبەکەیدا بەشدار بوو. مالیکی هەمیشە لەسەر هێڵە و دەستەیەکی سیاسی هەیە کە فەرمانی لێ وەردەگرن.
 
رووداو: ئەگەر باسم بەدری قبووڵ نەکرا، دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: وادە دەستوورییەکە زۆر کەمە و کێشەی ناوچەیی و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا دەرفەتی دواخستنمان پێنادات. رەنگە رۆژی دووشەممە مالیکی بە فەرمی لە کاندیدبوونی خۆی بکشێتەوە و کەسێکی دیکە رابسپێردرێت. رەنگە نەجەفیش دەستوەردان بکات و ئامۆژگاری بدات. ناوەکان رەوانەی نەجەف کراون و لە 48 کاژێری داهاتوودا هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە.
 
رووداو: 9 ناو رەوانەی نەجەف کراون؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: بەڵێ، نزیکەی 30 بۆ 40 رۆژ پێش ئێستا 9 ناو نێردران بۆ مەرجەعییەتی باڵا. مەرجەعییەت دەڵێت: "تاقیکراوە تاقی ناکرێتەوە." هەر بۆیە ناوی یەکەم و دووەم کە مالیکی و سوودانی بوون، رەتکرانەوە. حەیدەر عەبادیش لە نێو ناوەکاندا بوو. ئێستا باسم بەدری کە 6 واژۆی هەیە، چانسی زۆرە و پێم وایە سوودانیش رازی دەبێت. نەجەف لە ئەدای سوودانی رازی نەبووە، بەتایبەتی لە کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا.
 
رووداو: لە کابینەی نوێدا پشکی کورد لە وەزارەتەکان چۆن دەبێت؟
 
عەبدولرەحمان جەزائیری: وا باس دەکرێت کورد 3 بۆ 4 وەزارەتی هەبێت. پێم وایە وەزارەتی دەرەوە هەر لە پشکی کورد دەمێنێتەوە، چونکە زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆکن لەسەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوە کارێکی زۆر گەورەی کردووە و دەستکەوتی باشی هەبووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان

مەسلەماوی: سوودانی تاکە بەربژێرمانە و مالیکی بەهۆی تێبینییەکانەوە کشایەوە

گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی تاکە بەربژێری ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و خاوەن پەسندکردنێکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە بە مەبەستی گەیشتن بە کۆدەنگیی کۆتایی، بەڵام پابەندی وادە دەستوورییەکان دەبن.