رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات، دەستیان بەسەر 171 بارهەڵگردا گرتووە کە بە نایاسایی و پێچەوانەی رێکارە گومرگییەکان کاڵایان گواستووەتەوە.
رۆژی هەینی، 17ـی نیسانی 2026، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەشی پشکنین و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی توانیویانە ئەو بارهەڵگرانە رابگرن کە چەندین جۆر کاڵای جیاوازیان بارکردبوو، لەوانە: کەرەستەی بیناسازی، خۆراک (پیاز، پسکیت، شیری وشک)، کەلوپەلی کارەبایی (مۆلیدە، پانێڵی وزەی خۆر، محاویلە)، جگەرە، زەیتی بزوێنەر و چەندین کەرەستەی دیکە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەم دەستبەسەرداگرتنانە دەرەنجامی هاوئاهەنگیی ئاستبەرزی نێوان ئێمە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی گومرگە."
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکان گوتیشی: "ئەم کارە قاچاخانە زیان بە دارایی دەوڵەت دەگەیێنن، بۆیە هاوئاهەنگییمان لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان بە مەبەستی پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و پاراستنی پارەی گشتییە."
دەستەی گشتیی گومرگەکان هۆشداری دەدات کە قاچاخچێتی هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر بازاڕەکان، چونکە بازاڕ پڕ دەکەن لە کاڵای بێ کوالێتی و بێ پشکنین، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانیان دەبێت و زیان بە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیێنێت.
دەستەی گشتیی گومرگەکان رایگەیاندووە، هەڵمەتەکان بۆ راوەدوونانی سەرپێچیکاران لە ناوەندە گومرگییەکان و رێگە سەرەکییەکان بەردەوام دەبن و رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ