رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق وردەکاریی پلانی گواستنەوەی حاجییان بە رێگەی وشکانی بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هەموو پاسەکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی چاودێری دەکرێن بۆ ئەوەی سەلامەتیی حاجییان مسۆگەر بێت.
رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026، دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەکە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ و فەرماندە ئەمنییەکان ئەنجامداوە بۆ داڕشتنی کۆتا پلانی گواستنەوەی حاجییان.
بەپێی پلانەکە، هەموو ئەو پاسانەی حاجییان لە پارێزگاکانی عێراقەوە بەرەو وڵاتی سعودیە دەگوازنەوە، سیستەمی شوێنکەوتنی ئەلیکترۆنی (GPS)ـیان تێدا جێگیر دەکرێت. ئەمەش بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی جووڵەی پاسەکان و رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی حەج رایگەیاند: "هەموو رێکارە لۆجیستییەکانمان تەواو کردووە؛ شاری حاجییان لە پارێزگای کەربەلا ئامادە کراوە بۆ حەسانەوە و مانەوەی حاجییان، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییەکی خواردن و تەندروستییان بۆ دابین دەکرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هاوئاهەنگیی نێوان دەستەی حەج و هێزە ئەمنییەکان کراوەتەوە بۆ پاراستنی رێگە وشکانییەکان. وەزیری ناوخۆی عێراق راسپاردەی داوەتە فەرماندەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان کە بە تەواوی رێگەی کاروانی حاجییان تاوەکو دەروازەی سنووریی "عەرعەر" بپارێزن.
هەروەها خشتەیەکی کاتیی رێکخراو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی سعودی ئامادە کراوە، بۆ ئەوەی حاجییان بەبێ دروستبوونی قەرەباڵخی و بە رێکارێکی ئاسان لە سنوورەکانەوە بپەڕنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ