رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەرکەوتنی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی "سیبرانی" لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا راگەیاند، تێیدا زیاتر لە 200 تۆمەتباری نێودەوڵەتی دەستگیرکراون و دەستبەسەر دەیان سێرڤەری هێرشبەردا گیراوە.
عەمید حەسەن هادی لەزیز، بەڕێوەبەری ئاسایشی سیبرانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سەرۆکی تیمی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە ناوچەی (MENA)، لە راگەیێندراوێکدا رۆژی دووشەممە (18ی ئایاری 2026) رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی (رامز)، گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی ئەلیکترۆنییە لە ناوچەکەدا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) و بە بەشداریی 13 دەوڵەتی عەرەبی کراوە."
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکردووە و تاوەکو شوباتی 2026 بەردەوام بووە، ئامانج لێی تێکشکاندنی ژێرخانی گرووپە چەتە ئەلیکترۆنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی فێڵە داراییەکان بووە.
ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی رامز، بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:
- دەستگیرکردنی 201 تاوانباری ئەلیکترۆنی.
- دیاریکردنی 382 گومانلێکراو کە لەژێر راوەدوونانی یاساییدان.
- ناسینەوە و پاراستنی 3,867 قوربانیی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.
- دەستبەسەرداگرتنی 53 سێرڤەری گەورە کە بۆ هێرشەکان بەکارهاتوون.
- ئاڵوگۆڕکردنی نزیکەی 8,000 زانیاریی هەواڵگری لەنێوان وڵاتانی بەشداربوو.
عەمید لەزیز رایگەیاند، ئەمە یەکەمجارە ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە بە هاوئاهەنگی ئینتەرپۆل لە ناوچەکەدا بکرێت و گوتیشی: "لێدانە پێشوەختەکانمان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگە نەدەین کەشی دیجیتاڵ ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ گرووپە تاوانبارەکان."
لەلایەکی دیکەوە، نێیل جێتۆن، بەڕێوەبەری بەشی تاوانە سیبرانییەکان لە ئینتەرپۆل رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە کارایی هاوئاهەنگیی جیهانی دەسەلمێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانبارانەی کە سنوورە دیجیتاڵییەکان بۆ مەرامی خراپ بەکاردەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ