هەوڵ بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەدرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕاندنی زۆرینەی کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی، بەشێکی فراکسیۆنەکان گلەیی و تێبینییان لە شێوازی دەنگدانەکە و تێپەڕاندن یاخود رەتکردنەوەی بەربژێری وەزیرەکان هەبوو، ئەم ناڕەزایەتییە گەیشتووەتە قۆناخێک کە جووڵەیەک بۆ لەکارلادانی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان دەستپێبکات.
 
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات، جووڵەیەک لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بۆ لادانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ کە رەنگە زیاتر لە 160 پەرلەمانتار لەخۆ بگرێت.
 
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جووڵەیەکی سیاسی لە نێو هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستیپێکردووە بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێو پەرلەمان، ئەوەش بەهۆی ئەو گرژییانەی لە دانیشتنی دوایی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان روویاندا."
 
ناڕەزایەتییەکان چۆن دروست بوون؟
 
دوای مشتومڕ و دانوستاندنێکی زۆر، رۆژی 14ی ئایار، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دا و پەسندی کرد. هەرچەندە دەنگدانەکە بە ئاشکرا دەست بەرزکردنەوە بوو، بەڵام هەندێ لایەن ناڕازی بوون و گوتیان: پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەنەچوو.
 
دوای دانیشتنەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "عورف وایە بەربژێری وەزیری وەزارەتە سیادییەکان بخرێنە پێشەوە، ئەمان هەستان ئەو وەزارەتانەی خۆیان دەیانەوێ خستیانە پێشەوە و دەنگیان پێیاندا، ئەوانی دیکە (وەزیری ناوخۆ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و چەند وەزیرێکی دیکە)یان دەرنەچوواند بەبێ ئەوەی تەماشای رێژەی یاسایی بکرێت، ئەوەی هی خۆیانە، سەری بڵند نەکرد و یەکسەر پەسندی کرد."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەمانە هەمووی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو، پیلانێکیشە بۆ شکستهێنان بەم حکومەتە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لەدەستداوە."
 
دەوڵەتی یاساش هاوشێوەی پارتی ناڕازییە لە دانیشتنەکە و شێوازی دەنگدان. عەلی زەرجاوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئێمە و فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە، لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە بەئامانج گیراوین.
 
لەسەر بارودۆخی دانیشتنەکە و هۆکاری پەسندنەکردنی بەشێک لە وەزیرەکان، عەلی زەرجاوی گوتی: "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەن نەبووە و لایەنگریی بۆ هەندێک هێزی سیاسی لەسەر حیسابی هێزەکانی دیکە کردووە."
 
عەلی زەرجاوی گوتی: "ئێمە بۆ پاڵپشتیکردن لە حکومەتی نوێ بەشدار بووین و بڕوامان وایە دەبێت بە زووترین کات دەستبەکار بێت، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی کابینە تازەکەی بەئامانج گرت. پێویست بوو یەکەمجار وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ یەکلا بکرێنەوە، بەڵام ئەوان خستیانە کۆتایی لیستەکەوە و رێگەیان نەدا دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەگەرچی زۆرینەیەکی روونیش داوای دەنگدانی دەکرد. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ گیانی هاوبەشی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا."
 
کابینەکەی زەیدی چۆن تێپەڕێندرا؟
 
کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەید، لە 23 وەزارەت پێکهاتووە، 19 بەربژێری وەزیر برانە پەرلەمان، دەنگ بە 18یان درا و 14یان پەسند کران، یەکێکیان (وەزیری ناوخۆ) دواخرا و چواریش ماون بخرێنە دەنگدانەوە. 
 
وەزیرە پەسندکراوەکان: 
 
- خالید شوانی، وەزیری  داد - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە - پارتی دیموکراتی کوردستان
- عەبدولڕەحیم شەممەرى، وەزیری  کشتوکاڵ - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری  گەیاندن - ئەبشیر یا عێراق
- عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە - تەقەدووم
- سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە - نەوەی نوێ
- مستەفا عانی، وەزیری بارزگانی - هاوپەیمانی سیادە
- وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوە - رێکخراوی بەدر
- محەممەد کەربوولی، وەزیری پیشەسازی - تەقەدووم
- فالح ساری عەبداشی، وەزیری دارایی - رەوتی حیکمە
- عەلی سەعد وەهیب، وەزیری  کارەبا - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی - نەهجی نیشتمانی
- موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو - رێکخراوی بەدر
- باسم محەممەد خزەیر، وەزیری  نەوت - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
 
ئەو بەربژێرانەی رەتکرانەوە
 
- رێباز حەملان - ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن - پارتی دیموکراتی کوردستان
- ئەحمەد عەزاوی - پلاندانان - هاوپەیمانی عەزم
- عامر خوزاعی - خوێندنی باڵا - دەوڵەتی یاسا
- سەفا کینانی - وەرزش و لاوان - رەوتی حیکمە
 
وەزارەتە دواخراوەکان
 
- وەزارەتی ناوخۆ - شیعە
- وەزارەتی بەرگری - سوننە
- رۆشنبیری - سوننە
- کۆچ و کۆچبەران - پشکی پێکهاتەکان
- کار و کاروباری کۆمەڵایەتی - شیعە
 
 
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە بژارە هەرە دیارەکان لادانی سەرۆکی پەرلەمانە بەهۆی شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان. 
 
گوتیشی: "هاوپەیمانییە چاوەڕوانکراوەکە لایەنەکانی وەک هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە دەنگ بە وەزیرەکانیان نەدراوە، ئەگەریش هەیە ژمارەیان لە 160 پەرلەمانتار تێپەڕێت."
 
"پێش دوورخستنەوە، هەوڵی چارەسەر دەدرێت"
 
بە گوتەی ساعدی، کە ئەمڕۆ دووشەممە قسەی بۆ رووداو کرد، کێشەی سەرەکی پەیوەندی بە شێوازی بەڕێوەبردنی پەرلەمانەوە هەیە: "سەرەتا هەوڵی چارەسەری کێشەکان دەدرێت تاوەکو دەگاتە دەنگدان بە وەزیرەکان، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرا، پەنا دەبرێتە بەر لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان ئەگەر دەنگەکان 50+1ی زۆرینەی رەها بهێنێ سەرۆکی پەرلەمان لادەدرێت."
 
"جیاکردنەوەی دەنگەکان چەند چرکەیەکی خایاندووە"
 
هاوکات محەممەد دەحام، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان تووشی سەرسوڕمان بووە بەو میکانیزمەی لە دانیشتنەکەی رۆژی پێنجشەممە بەکارهات و گومانی زۆریان لەسەری هەیە. 
 
دەحام گوتی: "پێداگری دەکەین لەسەر تانەدان لە دەستووریبوونی دانیشتنەکە لە دادگەی عێراق، چونکە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان تەنیا چەند چرکەیەکی خایاند، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئامادەبووان دەستیان بەرزکردبووەوە."
 
هاوپەیمانیی عەزم داوا دەکات ڤیدیۆی دەنگدانەکە بۆ ئەحمەد عەزاوی، بەربژێری هاوپەیمانییەکە بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان پێشان بدرێت. محەممەد دەحام راشیگەیاند: "ئەم بەئامانجگرتنە تەنیا عەزمی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دەوڵەتی یاسا، پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی دیکەشی گرتووەتەوە کە بێگومان دەستەوەستان ناوەستن."
 
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی عەزم جەختی کردەوە، بژارەکانیان بۆ دوای جەژن کراوەن و رەنگە جووڵەیەکی سیاسی لەسەر ئاستی نیشتمانی بێتە ئاراوە، پێش ئەوەی بچنە ناو دووەم دانیشتنی دەنگدان لە دوای پشووەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی پلاندانانی عێراق

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: براندی جیهانی لەنێوخۆدا ساختە دەکرێ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، شەش رێگە بۆ رێگری لە هاوردەکردنی کاڵای بێ کواڵیتی دەگرنەبەر. یەکێکیان ئەوەیە کاڵاکە لە شوێنی دروستکردنی لە دەرەوەى وڵات پشکنینى بۆ دەکرێ بەر لەوەی هاوردەى عێراق بکرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کارگە لە نێوخۆدا هەیە کە براندە جیهانییەکان ساختە دەکات.