رووداو دیجیتاڵ
دەستلەکارکێشانەوەی 9 دادوەری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کارەکانی ئەو دادگەیەی پەکخستووە کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتدا. هۆکاری کێشەکە بۆ دوو بابەتی سەرەکی دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان ناکۆکییە لەسەر رێککەوتنێکی عێراق و کوێت لەبارەی رێکخستنی کەناڵی ئاویی خۆر عەبدوڵڵا و دووەمیشیان، هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی دادگەکە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەیە.
رۆژی پێنجشەممە 19-06-2025 شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگەی باڵای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشایەوە. ئەمە یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2005ـەوە کە دادگەکە دامەزراوە، رووبەڕووی ئاستەنگێکی لەم جۆرە ببێتەوە. بەگوێرەی دەستوور، ئەم دادگەیە تایبەتە بە شرۆڤەکردنی مادەکانی دەستوور و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان.
دادگەی فیدراڵی لە 13 دادوەر پێکدێت، 9یان سەرەکی و چواریان یەدەگن. بۆئەوەی هەر دانیشتنێکی دادگەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەک یاسایی بێت، پێویستە لانیکەم 9 دادوەر ئامادەبن.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەبێ ئەو 9 دادوەرەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، دادگەی باڵای فیدراڵی ناتوانێت کۆببێتەوە، چونکە رێژەی یاسایی ئامادەبوونی دادوەران تەواو نابێت. دەبێت دەستلەکارکێشانەوەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە یەکلایی بکرێتەوە."
خۆر عەبدوڵڵا؛ گرێکوێرەکە
دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکان، هاوکاتە لەگەڵ تاوتوێکردنی داوایەک بۆ دەرکردنی فەرمانێکی ویلایی (أمر ولائي) بۆ راگرتنی رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە نەخشەی دەریاوانیی نێوان عێراق و کوێت لە بەندەری خۆر عەبدوڵڵا.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "دەستلەکارکێشانەوەی ئەو 9 دادوەرە پەیوەندیی بە دۆسیەی خۆر عەبدوڵڵاوە هەیە، کە گوشارێکی زۆر لەسەر ئەو پرسە هەیە."
داواکە لەلایەن سعود ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی حوقووق (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا) پێشکێش کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، هەریەکەیان بە جیا سکاڵایەکیان پێشکێش بە هەمان دادگە کردووە.
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران لە سکاڵاکانیاندا داوا دەکەن دادگەی فیدراڵی لە بڕیارێکی پێشووتری خۆی پاشگەز ببێتەوە، کە تێیدا یاسای ژمارە 42ی ساڵی 2013ی تایبەت بە پەسندکردنی رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵای بە "نادەستووری" ناساندبوو.
دادگەی فیدراڵی لە 4ی ئەیلوولی 2023، لەسەر سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتار، بڕیاریدا ئەو رێککەوتننامەیە نادەستوورییە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەمان دادگە لە 18ی کانوونی دووەمی 2014 رایگەیاندبوو کە رێککەوتننامەکە "پێشێلی دەستووری نەکردووە."
بڕیارە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵی دانیشتنێک لەبارەی هەردوو سکاڵاکەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بکات.
خۆر عەبدوڵڵا، رێڕەوێکی ئاوییە لەنێوان عێراق و کوێتدا، کە درێژییەکەی 60 کیلۆمەتر و پانییەکەی 40 کیلۆمەترە. بەندەری ئوم قەسری بەسرە، کە نزیکەی 90%ی نەوتی عێراقی لێوە هەناردە دەکرێت، دەکەوێتە سەر ئەم کەناڵە. رێککەوتننامەکە لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 833ی ساڵی 1993ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان عێراق و کوێت.
دادگەی پێداچوونەوە؛ هۆکارێکی دیکەی کێشەکە
لە 17ی حوزەیرانی 2025، جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی، نووسراوێکی ئاراستەی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت کرد و داوای کرد کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرجەم دەسەڵاتەکان و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بکرێت.
لە نووسراوەکەدا، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی ئاماژەی بەوە دابوو کە بەگوێرەی مادەی 92ی دەستوور، دادگەکەیان دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە و بڕیارەکانی پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، بەڵام دادگەی پێداچوونەوە چەند بڕیارێکی هەڵوەشاندوونەتەوە، لەکاتێکدا هیچ یاسایەک رێگە بەوە نادات.
دواترین بڕیاری دادگەی فیدراڵی کە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەوە لە 25ـی ئایار هەڵوەشێندرایەوە، تایبەت بوو بە شێوازی خانەنشینکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو بڕیارانەی دادگەی پێداچوونەوە هۆکارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانەیە، بە پاساوی ئەوەی دەست لە بڕیارەکانیان وەردەدرێت."
جێگەی باسە، فایەق زێدان، جگە لەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، هاوکات سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوەی عێراقیشە.
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، لە 19ـی حوزەیران وەڵامی داواکارییەکەی دادگەی فیدراڵیی بە "نەرێنی" دایەوە و رایگەیاند، کێشە و ناکۆکییە یاساییەکان دەبێت لەنێو دەسەڵاتی دادوەریدا یەکلایی بکرێنەوە و گوتی، "داوای ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە دەبێتە هۆی دەستوەردانی سیاسی کە زیان بە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دەگەیێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ