عێراق
رێکخراوێکی ناحکومیی عێراقی لەبارەی بەکارهێنانی بەرنامەی "تیک تۆک"ـەوە لەلایەن ئەندامانی سوپای عێراقەوە هۆشداریی دا.
رێبوار محەمەد
رێکخراوێکی ناحکومیی عێراقی لەبارەی بەکارهێنانی بەرنامەی "تیک تۆک"ـەوە لەلایەن ئەندامانی سوپای عێراقەوە هۆشداریی دا.
ناوەندی "میدیای دیجیتاڵ" کە رێکخراوێکی ناحکومیی عێراقییە، هۆشداریی داوە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا و زانیاریی دیجیتاڵی لەلایەن ئەندامانی سوپای عێراقەوە لە پێگە و بارەگاکانی ئەو هێزە.
ناوەندەکە دەڵێت، "ئاسایشی زۆر لە پێگەکانی سوپا کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەوە، بەهۆی خراپبەکارهێنانی هەندێک لە بەرنامە و پڕۆگرامەکانی سۆشیال میدیاوە، بەتایبەت تیک تۆک."
رێکخراوەکە بە پێویستی دەزانێت رێگە نەدرێت بە کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە تیک تۆک بەکاربهێنن، چونکە بەهۆی ئەو بەرنامەیەوە گرتەی ڤیدیۆیی لەنێو پێگە و بنکە سەربازییەکانی سوپادا بڵاودەبنەوە.
رێکخراوەکە روونی کردووەتەوە کە "گرووپە تیرۆریستییەکان" دەتوانن ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نێوەوەی بارەگا و پێگە سەربازییەکانی سوپای عێراق لەپێناو هێرشەکانیاندا بەکاربهێنن. وەک رێکخراوەکە دەڵێت، ئەوەش دەبێتە هۆی "خوێنڕشتن و کوژرانی" چەندان کەس.
ناوەندی میدیای دیجیتاڵ ئاماژەی بەوە داوە، "وێنەگرتن بە بەرگی فەرمییەوە و گرتەکانی نێو بنکەکانی سوپا و پێگە سەربازییەکان و شوێنەکانی دیکە پێویستە بخرێتە ژێر رێکاریی ئاسایشی و سەربازییەوە."
ناوەندەکە باسی لەوە کردووە، تائێستا چەندین هەژمار و پێگەی سۆشیال میدیای ئەندامانی سوپای عێراقی لە "تیک تۆک" دۆزیووەتەوە کە سەرباز و ئەندامانی سوپا لەنێو پێگە سەربازییەکانیاندا گرتەی ڤیدیۆیی ژیانی رۆژانەی خۆیانی لێوە بڵاودەکەنەوە.
تیک تۆک لە بنەمادا تۆڕێکی چینییە، لە ئەیلوولی 2016وە دەستبەکارە و پێشەنگی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی سەر سۆشیال میدیایە. ئێستا رۆژانە زیاتر لە 150 ملیۆن کەس ئەو تۆڕە بەکاردەهێنن.
لە مانگی ئابی ئەمساڵدا تیک تۆک لە ئەمریکا رووبەڕووی لیپێچینەوە و تەنگپێهەڵچنینی یاسایی هات. ئەوەیش کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی دا بەکارهێنانی ئەو بەرنامەیە لە وڵاتەکەیدا قەدەخە بکرێت. حکومەتی ئەمریکا پێیوایە تیک تۆک هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییان دەکات.
تیک تۆک لە هیندستانیش قەدەخە کراوە، لە ئوسترالیاش لەبەردەم لێپێچینەوەی یاساییدایە و تۆمەتبارە بە دزینی زانیاریی بەکاربەرەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ