مقاومەی ئیسلامی: بەرژەوەندییەکانی ئەمریکامان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی چەکداریی ئەسحابولکەهف، کە خۆی وەک بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنێت، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی چەند هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و هۆشداری دەداتە مەدەنییەکان کە لەو شوێنانە دووربکەونەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەو گرووپە چەکدارە، رۆژی هەینی، 3ـی نیسانی 2026، چەکدارانی ئەسحابولکەهف بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) کردووەتە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکانمان بە گوڕوتێنێکی زیاترەوە بەردەوام دەبن."
 
لە کاژێرەکانی رابردوودا، تەنیا لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 12 هێرشی درۆنی ئەنجامدراون. 
 
گرووپی ئەسحابولکەهف لەگەڵ گرووپێکی دیکە بە ناوی "سەرایا ئەولیائودەم" بەرپرسیارێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە کە لە 28ـی ئادارەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەسحابولکەهف هاوشێوەی چەند گرووپێکی دیکە، ناوێکی خوازراوە بۆ گرووپە گەورەترەکانی شیعە؛ ئەمەش بە مەبەستی شاردنەوەی ناسنامەی راستەقینەیان و رێگریکردن لەوەی شوێنپێیان هەڵبگیرێت یان هێرش بکرێتە سەر بارەگاکانیان.
 
گرووپی ئەسحابولکەهف دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، چەندینجار هەڕەشەی لە سوپای ئەمریکا و سەربازانی فەرەنسا لە عێراق و خەڵکی بیانی لە هەرێمی کوردستان کردووە. هەروەها هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە هەر جۆرە هاوکارییەک بۆ ئەو هێزانەی کە گرووپەکە بە "بێگانە" ناویان دەبات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە