رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق داوای لە چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار کردووە پلانی خۆیان ئامادە بکەن سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نەخوازراو ئەگەر رووبدات، بەهۆی ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو وەزارەتانەی کە داوای پلانی ئامادەکارییان بۆ دۆخی نەخوازراو لێکراوە، بریتین لە وەزارەتەکانی: ناوخۆ، کۆچ و کۆچبەران، بازرگانی، گواستنەوە و تەندروستی.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پلانی خۆمان لەوبارەیەوە ئامادەکردووە و داومانەتە ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕێی پەسەندکردنین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە."
ئەو پلانانە تایبەتن بە دۆخێکی نەخوازراو کە ئەگەر لە عێراق رووبدات، بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە.
عەلی جیهانگیر رایگەیاند، پلانەکە تایبەتە بەو رێکارانەی کە دەکرێت بگیرێنەبەر ئەگەر دۆخێکی لەناکاو بەهۆی جەنگەوە رووبدات.
هەر وەزارەتێک و بەگوێرەی تایبەتمەندیی خۆی پلانەکە ئامادە دەکات، کە ئەگەر ئەو دۆخە رووبدات چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە رووی ئەمنی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و خۆراکەوە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگ، لە عێراق هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای ئەمەریکا بۆ سەر یەکدی دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ