رووداو دیجیتاڵ
درۆنێک لە نزیک دەروازەی ترێبیل لە نێوان عێراق و ئوردن کەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
هێرشەکە دواى چەند کاژێرێک بوو لە داوایەکى گرووپى موقاوەمە لە حکومەتى عێراق بۆ داخستنى ئەو دەروازەیە.
عیماد مەشعەل، قایمقامی قەزای روتبە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمشەو درۆنێک لە یەکێک لە بیناکانی نزیک پەرژینی دەروازەی ترێبیل کەوتووەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادی هەبووە."
دەروازەی ترێبیل لە سنووری قەزای روتبەی سەر بە پارێزگای ئەنبارە و تەنیا دەروازەی وشکانیی نێوان عێراق و ئوردنە.
قایمقامی قەزای روتبە رایگەیاند: "ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە سەر بە کۆمەڵگەی دەروازەکەی ترێبیلەیە و تاوەکو ئێستاش نەزانراوە سەرچاوەی ئەو هێرشە لە کوێوە بووە."
کەوتنەخوارەوەی ئەو درۆنە لە نزیک دەروازەکە، دوای چەند کاژێرێک دێت لە بانگەوازێکی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە تێیدا داوای لە حکومەتی عێراق کردبوو دەروازەی ترێبیل لەگەڵ ئوردن دابخات و هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتە لەو دەروازەیەوە رابگیرێت، بە پاساوی ئەوەی گوایە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات لە جەنگیان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ