رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوئاهەنگیی دادوەریی نێودەوڵەتی لە عێراق رایدەگەیێنێت، زانیاری و بەڵگەیان داوەتە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا و لە ئەنجامدا دوو تۆمەتباری "تیرۆر" دەستگیرکراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەنتەرەکە، کە رۆژی چوارشەممە، 21-01-2026 بڵاوکراوەتەوە، پۆلیسی نیشتمانیی ئیسپانیا لە دوو ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا لە شارەکانی کارتاخینا و فیرۆل، پیاوێک و ژنێکیان بە گومانی پەیوەندی بە "چالاکیی تووندڕۆیی تیرۆریستی" دەستگیرکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای دەستگیرکردنیان، هەردوو تۆمەتبارەکە گواستراونەتەوە بۆ مەدریدی پایتەخت تاوەکو لە بەردەم دادگەی تایبەت بە دۆسیەکانی تیرۆر دادگایی بکرێن.
عەلی حوسێن جفات، دادوەر و سەرۆکی سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوئاهەنگیی دادوەریی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەڵگە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بنەمایەکی سەرەکییە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییە سنووربەزێنەکان."
سەرۆکی سەنتەرەکە جەختیشی کردەوە کە ئەمە پابەندبوونی عێراق بە بەهێزکردنی هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی دووپاتدەکاتەوە، کە بەشدارە لە پشتگیریکردنی ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوئاهەنگیی دادوەریی نێودەوڵەتی کار بۆ بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی داعش و پارێزگاریکردن لە بەڵگە ئەرشیفکراوەکان دەکات، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی وەک جینۆساید دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدراون، بۆ ئەوەی لە دادگاییکردنەکاندا سوودیان لێوەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ