گوتەبێژی حکومەتی عێراق: گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بڕیارێکی هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو هەنگاوێکی پێشوەختە بووە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و رێکارە دادوەرییەکانیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان دەستیپێکردووە.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-1-2026 رایگەیاند، "گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریاوە، هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق."
 
عەوادی گوتی، "رووداوەکانی سووریا بە خێراییەکی زۆر پێشدەچن و تەنیا لە چەند رۆژێکدا گۆڕانکاریی گەورە روودەدات، ئەمەش پێویستی بە بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوەیە کە ناکرێت دواخرێن، دەبێت سەیری داهاتووی ئەمنی بکەین و بە هەنگاوی کارا ئامادەکاری بۆ بکەین."
 
گوتەبێژەکەی حکومەت جەختی کردەوە، عێراق وەک دەوڵەت و حکومەت توانای پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەیە، دامەزراوە تایبەتمەندەکان دەتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
 
لەبارەی نیگەرانییەکانیشەوە باسم عەوادی ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ ئەو هەڵمەتانە نین کە بۆ ترساندنی خەڵک دەکرێن، بەڵام لە هۆکارەکانیشیان تێدەگەین، هیواخوازین ئەو ترسە بگۆڕدرێت بۆ متمانە بە توانای هێزەکانمان لە پاراستنی خاک و گەلی عێراق."
 
ئاشکراشی کرد، "رێکارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دەستیپێکردووە و ئامادەکاری لەلایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەسەریاندا."
 
رۆژی چوارشەممە 21-1-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق راگەیاند.
 
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، ئامانجی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە گواستنەوەی نزیکەی 7,000 زیندانیی داعشە لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە مانەوەیان لە ناوەندە ئەمنییە پارێزراوەکاندا و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەیان.
 
هەر ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان، دادگەی عێراق دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکاری دادوەریی بەرامبەر بەو تۆمەتبارانەی داعش، کە پێشتر لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و رادەستی عێراق کراونەتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە