رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە سوننە مەزهەبەکان و دەڵێت، لەسەر رەخنەگرتن لە یاوەرانی پەیامبەری ئیسلام هەڵدەچن و لە کاتی سووکایەتیکردن بە پەیامبەریش خاودەبنەوە، رەخنە لە بەشێک لە شیعەکانیش دەگرێت بەوەی پرسە بۆ ئیمامەکان دەگێڕن و زۆر گەرموگوڕن، کەچی لە مردنی پەیامبەری ئیسلام پرسەداری ناکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیێندراوێکدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە و ناوی خۆی بە "عاشقی پەیامبەر" ناوبردووە، لەبارەی هەندێک لە سرووتەکان و رەخنەگرتنەکانەوە، رەخنەی لە بەشێک لە پەیڕەوانی سوننەمەزهەب و شیعەمەزهەبەکانیش گرت و رایگەیاند، "ئوممەتی ئیسلام، ئوممەتی محەممەدی کوڕی عەبدوڵایە روحم بەقوربانی بێت، بێ رەچاوکردنی بیروباوەڕی ئەوەی لە ئیسلامدایە، دین یەکە و ئیسلامە تەنانەت ئەگەر بیروباوەڕ و مەزهەبەکانیش جیاوازبن تا لە چوارچێوە و رێسا گشتییەکانی ئیسلام بن، بەڵام ئایا لە واقیعدا موسوڵمانان ئوممەتی پەیامبەری خودان؟"
رێبەری رەوتی سەدر هەروەها دەڵێت، "لێرەدا دەمەوێت سەرنج بۆ هەندێک لە پێشێلکاری و شتەخراپەکان بکەن کە تێیدا هەندێک لە موسڵمانان لە پەیامبەری خودا دروودی خودا لەسەر خۆی و ئال و هاوەڵی پاک وبێگەردانی بێت"، هەندێک لەوانەی سەر بە مەزهەبی جەعفەریین شانازی بە ئینتیمایان یان پەیڕەوییان بۆ ئالوبەیتی پەیامبەر دەکەن زیاتر لە ئینتیمایان بۆ خودی پەیامبەر و زۆر یادی ئالوبەیت دەکەن و کەم یادی دروودی خوای لەسەر خۆی و ئالوبەیت بێت دەکەن. هەروەها ملیۆنان کەس بۆ سەردانیکردنی ئیمامی حوسێن سڵاوی خودای لەسەر بێت بەنموونە بێت دەردەچن و رۆژی یەکەمی موحەڕەمی حەرام و تاوەکو 20ی سەفەری خێر بە رۆژانی خێری تایبەت پێوەی دیاری دەکەن، بەڵام کە 28ی سەفەری خێر دێت لە پرسەداریی پەیامبەر خاو دەبنەوە وەکو ئەوەی پەیامبەر بۆ ئەوانی دیکە بێت."
ئەو قسانەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدا دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە لەبارەی زیندووکردنەوەی ساڵیادی کوژرانی ئیمامی حوسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب و لە لایەن هەندێکەوە بە زێدەڕۆییکردن لە سرووتەکانی ئیسلام ناوبرا، زۆری پێنەچوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکە بڵاوبووەوە کە یەکێک لە سروودخوێنەکانی شیعەکان لە یەکێک لە حوسێنییەکان هێرش دەکاتە سەر یاوەرانی پەیامبەری ئیسلام و بە "مافیا" ناویان دەبات کە رەخنەی ناوەندە سوننەمەزهەبەکانی لێکەوتەوە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا هێرش دەکاتە سەر سوننەکان و دەڵێت "هەندێک لەوانەی سەر بە مەزهەبی سوننە و جەماعەتن، زۆر هەڵدەچن لە رەخنە ئاراستەکردن بۆ یاوەران کە هەڵەش دەکەن، کەچی وەڵامیان وەکو پێویست نییە کاتێک سووکایەتی بە پەیامبەر دەکرێت، وەکو ئەوەی یاوەران لە پەیامبەر پیرۆزتربن و ئیمامەکانی ئالوبەیت پیرۆزتربن لە پەیامبەر!!!!؟، نەخێر و هەزار نەخێر..(الا تنصروه فقد نصره الله)."
هەروەها دەشڵێت، "نەوەکانی سڵاوی خوایان لەسەر بێت، بەڵکو یاوەرانیشی هەموویان بەهیچ شێوەیەک بەو کارە رازی نیین، بەڵکو پێویستە پیرۆزیی یەکەم لە مرۆڤەکان پەیامبەری خودا بێت. پیرۆزیی ئالوبەیتەکەی لە ئەوەوەیە دروود و سڵاوی خوای لێبێت، ئەوان وەکو مانگەکان کە رووناکییەکەی لە خۆرەوە وەردەگرێت.. خۆری پەیامی محەممەدیی رەسەن. ئەوەش دڵنیا و گونجاوە بۆ یاوەران کە پلەیان نزمترە لە ئالوبەیت و خەسڵەتی تاوان نەکردنیان نییە."
رێبەری رەوتی سەدر کە زۆر جار جگە لە پرسە سیاسییەکان لە بابەتە ئایینییەکانیش بۆچوونەکانی دەردەبڕێت، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "بۆیە ئەی موسڵمانان لە هەموو جیهان، یەکەم دەست بە پەیامبەری خوداوە بگرن و دووەم بە ئالوبەیت و سێیەم بە یاوەرانی کە لەسەر رێبازەکەی رۆیشتوون و دەست بەوانەوە مەگرن کە لە رێبازەکەی لایانداوە و ستەمیان لە ریشەکەی و نزیکەکانی کرد...(لا اسئلكم عليه أجرا الا المودة في القربى)."
لە کۆتاییدا رووی دەمی دەکاتە هەردوو پەیڕەوانی سوننەمەزهەب و شیعەمەزهەب و لەبارەی یادکردنەوەی مردنی پەیامبەری ئیسلام دەڵێت، "ئەوەتا یادی مردنی پێویستە لەسەرتان بەشێوەیەک زیندووی بکەنەوە شایستەی خاوەنەکەی بێت دروودی خوا لەسەر خۆی و ئالوبەیت و هاوەڵانی رەسەنی باشی بێت، لەوەدا رەزامەندیی خودای گەورە و ئیسلام و موسڵمانان هەیە و کەمتەرخەمیی تێدا مەکەن. هەروەها لەسەر رێبازی چاکسازیی و مرۆیی بڕۆن و لە گەندەڵی و تووندڕەوی دووربکەونەوە، چونکە حەڵاڵی موحەممەد تاوەکو رۆژی دوایی حەڵاڵە و حەرامەکەشی تاوەکو رۆژی دوایی حەرامە.. #ئێمە_ئومەتی_پەیامبەری_ خوداین، پێش هەموو کەس و خۆشەویستیمان بۆ ئالوبەیت خۆشەویستی و ملکەچییە بۆ ئەو و رێزمان بۆ یاوەران هەیە ئەوانەی لەسەر رێگەیەکی رۆیشتن و لەبەر خۆشەویستیی لایاننەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ