رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، تەنیا دەوڵەت مافی بڕیاردانی لە شەڕ و ئاشتی هەیە و هەر لایەنێک پێچەوانەی ئەوە کاربکات، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
هاوکات حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و پێدانی دەسەڵاتی وەڵامدانەوەی سەربازی بە هێزە چەکدارەکان و پێشمەرگە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی "نائاسایی و بەپەلە"ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێکەوتەکانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە لەسەر عێراق.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کرد و دەڵێت، ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە "تەنیا دەوڵەت بە دەسەڵاتەکانی و بەپێی دەستوور خاوەنی بڕیاری شەڕ و ئاشتییە و رێگە بە هیچ لایەن یان کەسێک نادرێ ئەم مافە قۆرخ بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر دوورخستنەوەی وڵات لە "بڵێسەی جەنگ و ململانێکان" و جەختیش لەوە کراوەتەوە، حەشدی شەعبی "بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئەمنی و دەبێت پارێزگاری لە کارمەندانی بکرێ"، بەڵام "رێگە نادرێت هیچ لایەنێک لەنێو حەشد لە دەرەوەی یاسا هەڵسوکەوت بکات."
سەباح نوعمان دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی، لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ئەم بڕیارانەی دا:
یەکەم: رووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن دەکرێنە سەر بارەگا و پێکهاتە ئەمنییە فەرمییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان، ئەوەش لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوە و بەرگری لەخۆکردن.
دووەم: راوەدوونانی هەموو ئەو کەسانەی بەشدارن لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان، بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەکان. پێویستە لایەنە هێرشکارەکان ئاشکرا بکرێن و فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەرییان بۆ جێبەجێ بکرێ، چونکە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.
سێیەم: وەزارەتی دەرەوەی عێراق راسپێردرا بۆ ئامادەکردنی سکاڵای فەرمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دژی هەر دەستدرێژییەک، هەروەها بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بۆ پێدانی یاداشتی تووندی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو هێرشانەی کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیکە، هەروەها بارەگاکانی پێشمەرگە لە هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ