رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بڕی گازی هاوردەی عێراق لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەیشتووەتە 18 ملیۆن مەتر سێجا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتیش لە هاوئاهەنگیدان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
رۆژی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بڕی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە بەرەبەرە زیاد دەبێت و لە 5 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 18 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە، ئەوەش دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست ببوو.
هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە لە 21ی ئادارەوە دەستیپێکردووەتەوە، لەدوای ئەوەی بەهۆی بۆردوومانکردنی سەرەکیترین کێڵگەی گازی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل لە 18ی هەمان مانگ راگیرا.
ئەحمەد مووسا رایگەیاند، وەزارەتەکەی لە هاوئاهەنگیدایە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ سوودبینین لە گاز و سووتەمەنیی ناوخۆیی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، کە سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە.
پێشتر لە 24ی کانوونی دووەمی 2025، ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق راگرت، بەڵام لە 26ی شوباتی 2026 هەناردەکردنی گازەکە بە بڕی 7 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا دەستیپێکردەوە.
عێراق بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران و گازی بەرهەمهێندراوی ناوخۆیی دەبەستێت.
بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 20 هەزار مێگاواتە، بەڵام لە وەرزی گەرمادا پێویستیی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات کارەبایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ