رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2035 کورتهێنانی ئاو لە عێراق بگاتە 10 ملیار و 800 ملیۆن مەترسێجا، بەهۆی کەمبوونی ئاوی هاتوو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، لەگەڵ بەهەڵمبوونی ئاوی بەنداوەکان و پێشنەخستنی شێوازی ئاودان.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی چوارشەممە 27.4.2022، لە هەژماری خۆیدا لە فەیسبووک رایگەیاند، وشکبوونی دەریاچەی ساوە مرواری باشووری عێراق جێگەی داخە و بیرهێنانەوەیەکی سەختە سەبارەت بە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا کە هەڕەشەیەکی مان و نەمانە بۆ ئایندەیان لە عێراق و ناوچەکە و جیهان، بۆیە دەبێ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە کارێکی لەپێشینەی نیشتمانی بۆ عێراق.
چەند ساڵێکە وشکەساڵی هەڕەشە لە عێراق دەکات و رۆژ لە دوای رۆژ مەترسیی وشکبوونی رووبار و دەریاچەکان زیاتر دەبن و ئاستی ئاو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بۆ یەکەمجاریشە دەریاچەیەکی مێژوویی لە عێراق بە تەواوی وشکدەبێت.
دەریاچەی ساوە کە دەکەوێتە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق و یەکێکە لە دەریاچە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە، بەهۆی کەمی باران و لێدانی ژمارەیەکی زۆری بیری ئیرتوازی لە سنوورەکە بە تەواوەتی وشکیکردووە.
سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ئەمڕۆ زیاتر لە 40 ملیۆن کەسە، دوای 10 ساڵی دیکەش دەبێتە 53 ملیۆن کەس، هاوکات لەگەڵ ئەوە داواکاری لەسەر ئاو زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا بەبیابانبوون کاریگەری لەسەر 39٪ـی خاک داناوە، کەمئاویش کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر هەموو ناوچەیەکی عێراق و دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەپیتی زەوی کشتوکاڵییەکان لە ئەنجامی سوێربوون.
بەرهەم ساڵح هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات: "عێراق پێنجەم خراپترین وڵاتە لە رووی کەمئاوی و دابینکردنی خۆراک و بەرزبوونی پلەی گەرما، هاوکات بەپێی توێژینەوەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2035 کورتهێنانی ئاو لە عێراق بگاتە 10 ملیار و 800 ملیۆن مەترسێجا، بەهۆی کەمبوونی ئاوی هاتوو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، لەگەڵ بەهەڵمبوونی ئاوی بەنداوەکان و پێشنەخستنی شێوازی ئاودان."
رۆژی 17ی نیسانی 2022، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی وشکەساڵی، ئەو گۆڕانەی لە کەشوهەوادا روودەدات و کەمی رێژەی بارانبارین و تێکچوونی خاکی عێراق و چەند هۆکارێکی دیکە، پێشبینی دەکرێت هاوینی ئەمساڵ لە چاو ساڵانی رابردوو گەرمتر بێت، جگە لەوەش خۆڵبارین لە چەندین ناوچەی عێراق بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر دەبێت.
بەرهەم ساڵح گوتیشی: "بوژاندنەوەی وڵاتی دوو رووبارەکە پرۆژەیەکە بۆ عێراق و هەموو ناوچەکەمان، کە هەڕەشەی ترسناکی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. پرۆژەکە پشت بە ستراتیژییەک دەبەستێت کە بریتییە لە نەمام چاندن و پێشخستنی چۆنێتی بەکارهێنانی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، لەگەڵ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە و بەستنەوەی پلانە ژینگەییەکانی وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپشتیوانیی هاوبەشدا."
سەرۆککۆماری عێراق جەختیشی کردەوە، دەستپێشخەری بووژاندنەوەی وڵاتی دوو رووبارەکە کە پار خستیانەڕوو و ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی کرد، "دەبێ کارا بکرێت و پێشبخرێت وەکو چوارچێوەیەکی ستراتیژی بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی سەوز و پاڵپشتیکار بۆ سەرچاوە نەوتییەکان، هەروەها بۆ خۆپاراستن لە مایەپووچبوونی داهاتی ئاو و وشکەساڵی و لێکەوتەکانی لەسەر جێهێشتنی گوند و گوندەوارەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ