رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن سوننەکانەوە دەکات، بۆ ئەوەی پشکی خۆی کە جێگری یەکەمە دیاری بکات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوەن پۆستەکە بۆ "عەسائیبی ئەهلی حەق" دەبێت.
تەنیا 10 رۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێرەکانیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە بەپێی نەریتە سیاسییەکە، سەرۆک بۆ سوننە، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ کورد دەبێت.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی سوننەکانە بەربژێری خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلا بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەربژێری جێگری یەکەم دیاری بکەن.
بەپێی دەستوور، دەبێت لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەماندا کە بڕیارە رۆژی 29-12-2025 بەڕێوەبچێت، سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵببژێردرێن.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی سەرکردایەتیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناوی کەسێک یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام ئەگەری زۆرە پۆستی جێگری یەکەم بدرێتە عەسائیبی ئەهلی حەق، چونکە بەپێی خاڵبەندی و هەبوونی 27 کورسی، ئەو پۆستە بۆ ئەوانە.
عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات، لە پەرلەماندا لەژێر ناوی لیستی "سادیقوون"دا بەشدارە.
عەلی غانمی، سەرکردە لە لیستی سادیقوون بە رووداوی گوت: "سادیقوون بە فەرمی داوای ئەو پۆستەی نەکردووە، نەک لەبەر ئەوەی ئەو پۆستەمان ناوێت، بەڵکو گفتوگۆکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی یەکلاکردنەوەی پۆستەکان."
پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەلای هێزە شیعەکان بە قەبارەی وەزارەتێک ئەژمار دەکرێت.
عەلی غانمی گوتی: "ئەو پۆستە لە ئاستی وەزارەتدایە و لانیکەم پێویستی بە 12 کورسییە، سادیقوون بەشی ئەوە کورسیی هەیە کە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بە پشکی خۆی بزانێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ