هەولێر- رووداو
پەرلەمانتارێكی سائیروون رایگەیاند، تاوەكو ئێستا لایەنە سیاسییەكان لەسەر بەربژێركردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێكنەكەوتوون، هێزە سیاسییەكانیش سەركێشی ناكەن بە هەڵبژاردنی کەسێک لەلایەن شەقامەوە قبووڵكراو نەبێت.
ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون كە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پشتگیریی دەكات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەكو ئێستا رێككەوتن لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی داهاتوو نییە، سەرۆككۆماریش تاوەكو رۆژی شەممەی دیاریكردووە، بۆیە پێموایە رۆژی پێنجشەممە رۆژێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی حكومەت".
سەرۆککۆماری عێراق نامەیەکی ئاراستەی هێزە سیاسییەکان کردووە کە تێیدا تاوەکو رۆژی شەممە مۆڵەتی پێداون، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئەوا خۆی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رادەسپێرێت.
پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی سائیروون ئاماژەی بەوە کرد، "رێككەوتنی نێوان هاوپەیمانیی سائیروون و فەتح بە تەنیا گرنگ نییە، چونكە لە پرۆسەی سیاسیدا هاوبەش هەیە، نەخشەڕێگە بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتە هەیە، ئاستەنگی زۆر هەن كە پەیوەندییان بە هەڵبژاردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، سەرەڕای كۆمەڵێك دۆسیەی هەڵپەسێردراو كە راستەوخۆ پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە".
لەو کاتەوەی عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشاوەتەوە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر کەسێک رێکنەکەوتوون کە بۆ ئەو پۆستەی بەربژێر بکەن.
ریاز مەسعوودی ئەوەی خستەڕوو، "پێموایە هێزە سیاسییەكان سەركەشی ناكەن بە هەڵبژاردنی كەسایەتییەك كە لەلایەن شەقامی عێراقییەوە قبووڵكراو نەبێت. هاوپەیمانیی سائیروونیش سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی كە دەبێت هەڵبژاردنەكە كۆك بێت لەگەڵ مەرجەكانی مەرجەعیەتی باڵا و ئەو پێوەرانەی خۆپێشاندەران دیاریانكردووە".
خۆپێشانداندەرانی عێراق مەرجیان ئەوەیە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبێت بێلایەن بێت و پێشتریش لە حکومەتە پێشووەکاندا بەرپرسیارێتیی نەبووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ