پەرلەمانتارێکی پارتی وەڵامی عەلی ئەدیب دەداتەوە

29-10-2014
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن کۆبانێ
A+ A-

رووداو - هەولێر

پەرلەمانتارێکی پارتی وەڵامی عەلی ئەدیب دەداتەوە سەبارەت بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و دەڵێ‌: " كاتێك مالیكی سوپای بۆ پاراستنی مەرقەدی شیعەكان نارد پرسی بە كێ‌ كرد؟".

دوای ئەوەی عەلی ئەدیب، سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق چوونی هێزی پێشمەرگەی بۆ كۆبانێ بە نادەستووری وەسفكردو ئاماژەی بەوەدابوو، كە ئەمە پەیامێكی سیاسییە نەك هەنگاوێكی سەربازی و فریاگوزاری، پەرلەمانتارێكی پارتی وەڵامی ئەو لێدوانەی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەداتەوە.
 
د.تاریق گەردی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" قسەكانی عەلی ئەدیب بێ‌ زانیاری بوو، چونكە ئێستا بڕیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە سەبارەت بە هاوكاری و كۆمەككردنی ئەو شوێنانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەستی بە سەرداگیراوە، بۆیە بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان لە شوێنی خۆیدا بوو لە چوارچێوەی هەواڵەكانی هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە لە دژی داعش شەڕ دەكەن".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوە دەكات هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە هاوكاری مرۆیی و رێگرتن لە روودانی كارەساتی دژی مرۆڤایەتی، پێشمەرگەی رەوانەی كۆبانێ‌ كردووەو دەڵێ‌: "خاكی سووریاو بەشێك لە عێراق ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە، ئەركی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە هاوكاری و كۆمەكی ئەم شارە بكەن كە گەمارۆ دراوەو ژیانی سەدان هەزار كەس كەوتووەتە مەترسییەوە".

د.تاریق گەردی گوتی:" من لە عەلی ئەدیب دەپرسم كاتێك نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشوو سوپای عێراقی نارد بۆ پاراستنی مەرقەدی سەیدە زەینەب لە خاكی سووریا پرس و رای بە كێ‌ كرد؟، بۆچی پاراستنی مەرقەدی شیعەكان پیرۆزە، بەڵام خوێنی سەدان هەزار مرۆڤی كورد پیرۆز نییە؟، مالیكی پرسی بە كەس نەكرد هێزی نارد، بەڵام هەرێمی كوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و ئاگاداری وڵاتانی ناوچەكە هێزی پێشمەرگەی رەوانەی كۆبانێ‌ كردووە".

سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا رۆژی چوارشەممە 29ی تشرینی یەكەمی 2014 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"عێراق وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە و بە مەنتقی نەتەوایەتی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەكان ناكات، ناردنی پێشمەرگەی كوردستانیش بۆ وڵاتێكی دیكە پێچەوانەی دەستوور و یاساكانی عێراقە".

ئەدیب گوتیشی:" چوونی پێشمەرگە بۆ سووریا دەرگای كێشەی زۆرترمان لێدەكاتەوە هانی ناوچەكان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەدات بێ پرسكردن بە حكومەتی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ پرسەكانی خۆیان بكەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە