تەرمی 11 کۆچبەر کە لە نزیک جەزائیر خنکابوون، گەڕێندرانەوە رۆژئاوای کوردستان

08-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
وەرگرتنەوە و ناشتنی تەرمی قوربانییانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی جەزائیر
وەرگرتنەوە و ناشتنی تەرمی قوربانییانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی جەزائیر
نیشانەکردن کۆبانێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی 11 کۆچبەری رۆژئاوای کوردستان کە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئیسپانیا، لە 5ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەلەمەکەیان لە نزیک جەزائیر لە نێو دەریای نێوەڕاستدا نوقمبوو ئەمڕۆ گەڕێندرانەوە کۆبانێ و قامشلۆ، رادەستی خێزانەکانیان کرانەوە. 
 
دوای زیاتر لە مانگێک، تەرمەکانیان لە جەزائیرەوە بە فڕۆکە گوێزرانەوە بۆ بەیرووتی پایتەختی لوبنان و لەوێشەوە بە رێگەی وشکانیدا بۆ شاری حمسی سووریا و دواتر شاری تەبقە، کە لەوێ کەسوکارەکانیان واژۆی وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان کردن.
دواتر بە ئەمبووڵانس، هەشت لەو تەرمانە گوێزرانەوە بۆ شاری کۆبانێ و سێی دیکەش بۆ قامشلۆ. 
 
ئەحمەد کەکۆ، هاونیشتمانیی کۆبانێ دەڵێ ئەمڕۆ بووە 32 رۆژە (کە هەواڵیان نەماوە) سێ رۆژ بەدوای تەرمەکانیان گەڕاین، هەر تەرمێک لە نەخۆشخانەیەک دۆزرایەوە.
  
دایک و خوشکە جەرگسووتاوەکان، دوای دوورکەوتنەوە و مانەوەی ئازیزەکانیان بۆ ماوەی یەک ساڵ لە جەزائیر، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد دوایین دیداریان لەگەڵ تابووتەکانیان بێت.  بەشێک لە کۆچبەران، ماوەی ساڵێک بوو لەو وڵاتەی باکووری ئەفریقا بوون و لە چاوەڕوانیی دەستپێکردنی گەشتەکەیان بوون بەرەو ئیسپانیا. 
 
رۆزالین سەعدی، هاونیشتمانیی کۆبانێ باسی ئەوە دەکات ماوەی یەک مانگە بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی هەواڵێکن، دەڵێ "هەر بەخۆمان گوت بەڵکو هەواڵەکە درۆ بێت، بەڵکو ساخ بن و هەواڵەکە ساختە بێت، رەحمەتی خوایان لەسەر بێت".
 
لە کۆی ئەو 26 کۆچبەرەی لەو بەلەمەدا بوون، 18ـیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و 8ـیان خەڵکی جەزائیر بوون، لەنێو قوربانییەکاندا ژن و منداڵ هەبوون و چارەنووسیشیان بەجۆرێک بوو، هێشتا ژمارەیەکیان بێ سەروشوێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن