رووداو دیجیتاڵ
بنکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق لە بەغدا بە مووشەک هێرشی کرایەسەر و بەو هۆیەوە فڕۆکەیەکی سەربازیی سەر بە یەکەی ئاسمانی تێکشکا.
هێرشەکە کاژێر 01:55ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026، ئەنجام دراوە و بنکەی ئاسمانیی شەهید محەممەد عەلای کردە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو بنکەیە بە مووشەکی جۆری گرادی 122 ملیم هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا فڕۆکەیەکی سەربازیی جۆری 132Antonov- تێکشکاوە، کە سەر بە یەکەی ئاسمانی بووە، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە رێکارەکان بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گەڕان بەدوای ئەو شوێنەی مووشەکەکانی لێوە هەڵدراوە.
بنکەی سەربازیی شەهید محەممەد عەلا لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی سەربازیی سنووری فڕۆکەخانەی بەغدایە و سەر بە یەکەی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریی عێراقە.
وەزارەتی بەرگری سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و بە کارێکی تاوانکاریی ترسنۆکانە ناوی برد و جەختی کردەوە کە نەرمی نانوێنێت بەرامبەر هەر لایەنێک ماف بە خۆی بدات زیان بە ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی بگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ