شیعەکان لەسەر کاتى راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبنە دوو بەرەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لایەنە شیعەکانی کردووەتە دوو بەرەوە. بەشێکیان دەیانەوێ لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا راستەوخۆ سەرۆکوەزیران رابسپێردرێ، بەشەکەی دیکە دەرفەتى 15 رۆژییان دەوێ بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بەربژێرەکە یان گۆڕینی کە تاوەکو ئێستا نووری مالیكییە.
 
پەرلەمان 11ی نیسانی دیاریکردووە بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە زیاتر لە دوو مانگە لە وادەی دەستووریی خۆی دواکەوتووە.
 
بەر لەوەی پەرلەمان کاتی دانیشتنەکە دیاری بکات، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کە زیاتر لە 180 کورسیی پەرلەمانییان بەدەستەوەیە، کۆبوونەوە و بەگرنگیان زانى پەلە بکرێ لە یەکلاییکردنەوەی ئەو بەرکەوتە دەستوورییە، داواشیان لە لایەنە سیاسییەکان کرد ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە کە هەیە بەر لە وادەی کۆتایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە و کۆتاییهێنان بەوەی هاوپەیمانێتییەکە بە "پەککەوتن" ناوى بردووە.
 
ئەو هەنگاوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دەرفەتە 13 رۆژییەکە دوای ئەوە هات کە زیاتر لە 220 واژۆی پەرلەمانتاران کۆکرایەوە بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێ، کە بڕیار بوو دانیشتنەکە ئەمڕۆ 30ی ئادار بێت.
 
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "دانیشتنەکەی پەرلەمان دواخرا تاوەکو لایەنەکان بگەنە رێککەوتن."
 
پێکهێنانی حکومەتێک بە تەواوی دەسەڵاتەکانەوە پێویستی بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە، تاوەکو ئەویش بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.
 
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە. بڕیاری ئەو هاوپەیمانێتییە وایە کە لەو ماوەیەی هەیە بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان، کورد بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و شیعەش بەربژێری بۆ سەرۆکوەزیران یەکلایی بکاتەوە."
 
لە 24ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە "زۆرینەی دەنگ" نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاریکرد، بەڵام سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی بەربژێربوونی وەستایەوە.
 
عەقیل ردینی گوتى، "دوو بۆچوون لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە هەمان رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەربژێری سەرۆکوەزیرانیش بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێ. بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە 15 رۆژدا پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە."
 
بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەبێت سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لە 15 رۆژدا لە هەڵبژاردنییەوە بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێ، ئەویش مانگێکی لەبەردەستە بۆ پێشکێشکردنی کابینەی حکومەتەکەی.
 
ناکۆکیی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی رۆژی راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە، کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
 
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆریانی کریستیان لە پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەی 29ی ئاداری سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی پرسی سەرۆککۆمار، بە رووداوی راگەیاند، "بەشێک لە شیعەکان لەگەڵ ئەوەن راستەوخۆ لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران رابسپێردرێ و بەشێکی دیکەیان لەگەڵ ئەوە بوون کە دوابخرێت و لە 15 رۆژدا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەریەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رێکخراوی بەدر و هاوپەیمانیی ئەساس دیارترین ئەو لایەنانەن کە لەگەڵ ئەوەن لەگەڵ سەرۆککۆمار لەهەمان رۆژى هەڵبژاردنى، بەربژێری سەرۆکوەزیران (کە نووری مالیکی بێت) بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت. بەرەکەی دیکە کە فراکسیۆنی سادیقوونی باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەق و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی سەرەکیترینیانن، دەیانەوێ پرسەکە لە 15 رۆژی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکلایی بکرێتەوە، بەو هیوایەى بەربژێری سەرۆکوەزیران بگۆڕدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئوتومبێلی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق

خاچی سوور لە عێراق: ئۆتۆمبێلەکانمان بۆ کاری دیکە بەکارنەهاتوون

لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق رەتیدەکاتەوە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ کاری دیکە جگە لە ئەرکی مرۆیی بەکارهێنرابن، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گواستنەوەی چەکدار لەلایەن ئۆتۆمبێلەکانی ئەو لیژنەیەوە.