رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی کوردستان دوو ئەندامی لە لیژنەی تەکنیکی داڕشتنی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراقدا هەیە. زاگرۆس فەتاح کە یەکێکە لە ئەندامەکان رایگەیاند حکومەتی عێراق بۆ ئامادەکردنی بودجەی 2021 نرخی نەوتی بە 43 دۆلار خەمڵاندووە.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تەلەڤزیۆنی رووداو، رایگەیاند، ئەوان بەشدارن لە داڕشتنی بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق و گوتی "ئێمە دەتوانین لەکاتی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەدا باسی داهات و خەرجی خۆمان بکەین، باسی ئەو بڕگە جیاوازانە بکەین کە دەبێت لە بودجەی عێراق جێیان بکرێتەوە".
ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بەغدان گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان چۆن دابەشدەکرێت و بە چ شێوازێک دەبێت، داهاتی هەرێمی کوردستان چەندی هەڵدەگیرێتەوە و چەندی دەدرێتە عێراق، کە بە گوتەی زاگرۆس فەتاح "ئەوانە هەمووی دەکەوێتە سەر ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە بڕیارە بکرێت.
بەپێی یاسای دارایی ساڵی 2019ی عێراق داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە، کە دەبێت بودجەی سێ ساڵە ئامادە بکەن، وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە نوێنەری تەکنیکی خۆی بنێرێت.
بە گوتەی بریکارەکەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی ئەو بودجە سێ ساڵیە لەوەدایە، کە حکومەت دەتوانێت پلانێکی ستراتیژی دابنێت بۆ سێ ساڵی داهاتوو، کە بە چ شێوازێک چاکسازییەکانی خۆی ئەگەر هەیەتی جێبەجێی دەکات، چۆن دەتوانێت ئەو بودجە جیاوازانە یان ئەو خەرجیە جیاوازانەی کە هەیەتی، داهاتی خۆی پێ زیاد بکات یان خەرجییەکانی کەمبکاتەوە.
ئەو بودجەیەی بۆ ساڵی 2021 دادەنرێت بەپێی قسەی زاگرۆس فەتاح "بودجەیەکی تاڕادەیەک جێگیر دەبێت و دەچێتە پەرلەمان و رەزامەندی لەسەر دەدرێت"، بەڵام بۆ 2022 و 2023 گۆڕانکاری بەسەر بودجەکەدا دەهێنرێت، دەتوانرێت پێداچوونەوە بەو بودجەیەدا بکرێتەوە.
بودجەی گشتیی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە پێشبینی نرخی نەوت دەکەن و لەسەر راسپاردی سندووقی دراوی نێودەڵەتی، بۆ ئامادەکردنی بودجەی 2021 نرخی نەوتی بە 43 دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام هەر گۆڕانکارییەک بەسەر نرخەکەدابێت، دەتوانێت پێداچوونەوە بە بودجەدا بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ