رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رۆحیی دروزەکان رایگەیاند، بڕیاری مافی چارەی خۆنووسین بۆ ئەو پێکهاتەیە جێگەی مامەڵەپێکردن و ئاڵوگۆڕ نییە و ئامانجیان ئازادکردنی رفێنراوەکانە. لەبارەی حکومەتی سووریاوە دەڵێت: "ئەو گرووپانە سەلمێندراوە کە ئەستەمە لەگەڵیان هەڵبکرێت."
حیکمەت هەجەری، سەرۆکی رۆحیی دروزەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند، بژاردەیان لە ئیرادە و بڕیاری مافی چارەی خۆنووسین، چارەسەرێک نییە بۆ ئاڵوگۆڕ و مامەڵەپێکردن یان بۆ لایەنگرییە مەرجدارەکان، هەرچۆنێک هەوڵ بدرێت بە زۆر پرسەکانیان بەسەردا بسەپێنرێت، هیچ سەرکردایەتییەکیان بەسەردا ناسەپێنرێت، جگە لەوەی خەڵکەکەیان دیاریی دەکات و رێگە نادەن دەستدرێژی بکرێتە سەر خاک و کەرامەتیان.
حیکمەت هەجەری گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ لە پێگەی بەهێز و حەقیداین، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا چاودێریی گرتنەبەری رێکاری یەکلاکەرەوە دەکەین بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکان و شکاندنی ئابڵۆقە و پاراستنی گیان و کەرامەتى هاوڵاتیانیان."
دروزەکان لە شاری سوەیدا لە ململانێیەکی سیاسی و ئەمنیدان لەگەڵ حکومەتی سووریا، شوێنکەوتووانى ئەو پێکهاتە ئاینییە دەیانەوێت خۆیان ناوچەکانیان بەڕێوەببەن.
سەرۆکی رۆحیی دروزەکان دەڵێت، ئامانجی راستەوخۆیان پابەندکردنى "دەستدرێژیکارانە" بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری نێودەوڵەتی کە لە ئاگربەستی مانگی تەممووزی 2025 بڕیاری لێدرا، بۆ گەڕاندنەوەی رفێنراوان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی بە زۆرەملێ بێسەروشوێن کراون، لەگەڵ ئازادکردنی گوندەکانیان و شارە وێرانکراوەکانیان.
لە ساڵی 2025 بەهۆی ناکۆکیی نێوان دروزەکان و حکومەتی سووریا، پێکدادان لە نێوانیان روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 300 کەس کوژران.
حیکمەت هەجەری دەڵێت، هەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین، "دوور لە دەسەڵاتخوازیی ئەو گرووپانەی کە سەلمێندراوە ئەستەمە لەگەڵیان هەڵبکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ