نەتەوە یەکگرتووەکان: 15 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستییان بە هاوکارییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرپرسانی باڵای نێودەوڵەتی هۆشدارییان لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و مرۆیی سووریا دا؛ جەختیشیان کردەوە کە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە و تەنگژە ئابوورییەکان، ژیانی مەدەنییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە.
 
پێشێلکردنی رێککەوتنامەی 1974 و سەروەریی خاک
 
کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، نیگەرانیی قووڵی رێکخراوەکەی لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە سووریا دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم کارانە پێشێلکردنی راشکاوی رێککەوتنامەی 1974ی جیاکردنەوەی هێڵی هێزەکانە."
 
رێککەوتنامەی جیاکردنەوەی هێزەکان لە نێوان ئیسرائیل و سووریا، کە لە 31ی ئایاری 1974 واژۆ کرا، کۆتایی بە جەنگی تشرین هێنا و ناوچەیەکی جیاکەرەوەی ئەمنی لە بەرزاییەکانی گۆلان دروست کرد. ئەمە پەیماننامەیەکی ئاشتی نەبوو، بەڵکو رێککەوتنێکی ئاگربەست و جیاکردنەوەی هێزەکان بوو کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێریی دەکرێ.
 
کۆردۆن ئاماژەی بەوە کرد کە راپۆرتی وردیان لەبارەی دەستدرێژی، تۆپباران و ئۆپەراسیۆنی وشکانیی ئیسرائیل لە قونەیترە و دەرعا پێگەیشتووە؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل بە دانانی بازگەی کاتی و دەستبەسەرکردنی مەدەنییەکان، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریای پێشێل کردووە. کۆردۆن داوای لە ئیسرائیل کرد چارەنووسی سووریاییە دەستبەسەرکراوەکان روون بکاتەوە و ئازادیان بکات.
 
تەنگژەی ئابووری و لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکە
 
جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر نەهامەتییە ئابوورییەکانی خەڵکی سووریا و گوتی: "سووریاییەکان بەدەست بەرزیی نرخ، کەمبوونەوەی توانای کڕین و گرانبوونی تێچووی کارەباوە دەناڵێنن." 
 
کۆردۆن روونیکردەوە کە گرژییەکانی ناوچەکە (جەنگی ئێران و ئیسرائیل) پەککەوتنی زیاتری لە جووڵەی بازرگانی و دابینکردنی وزەدا دروست کردووە، ئەمەش وای کردووە پێداویستییە مرۆییەکان بگەنە ئاستێکی مەترسیدار.
 
15 ملیۆن کەس لە چاوەڕوانیی هاوکاریدان
 
لەلایەکی دیکەوە تۆم فلێچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامارێکی لەبارەی دۆخی گوزەرانی خەڵک خستە روو. فلێچەر رایگەیاند، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی سووریا، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەسن، پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلەیە و زۆربەی ئەم ژمارەیەش ژن و منداڵن.
 
تۆم فلێچەر رەخنەی لە کەمیی بودجەی تەرخانکراو گرت و گوتی: "ئاستی دارایی ئێستا تەنیا بەشی گەیشتن بە نیوەی ئەو کەسانە دەکات کە پێویستییان بە هاوکارییە."
 
ئەو بەرپرسە مرۆییە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە گەڕانەوەی بەکۆمەڵی ئاوارەکان بۆ سووریا نیشانەیەکی ئەرێنییە، بەڵام ئەمە گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر خزمەتگوزارییە سنووردارەکان، نیشتەجێبوون و ژێرخانی وڵاتەکە.
 
تۆم فلێچەر هۆشداریی دا کە ئەگەر دارایی پێویست بۆ بووژانەوە و سەقامگیریی سووریا دابین نەکرێ، ئەوا "ئەو کەلێنانەی ئەمڕۆ هەن، لە داهاتوودا دەبنە تەنگژەگەلێکی وەها کە چارەسەرکردنیان مەحاڵ دەبێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە