رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی تایبەتی رووداو و چەند سەرچاوەیەکی دیکە، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست رێککەوتن کە دەگوترێ درێژکردنەوەکە بۆ مانگێکە. بەڵام سەرچاوەیەکی دیکەی دیمەشق درێژکردنەوەکە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026، فەرماندەیەکی باڵای هەسەدە بە دەوران مەحموود، ئێدیتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگربەست لەنێوان ئێمە و سوپای سووریادا درێژکرایەوە تاوەکو کاتێکی نادیار".
سەرچاوەیەکی دیکەی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە نووشین حەمێ، ئیدیتۆر لە دێسکی رۆژئاوای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگربەستەکە لەمڕۆوە بەردەوام دەبێ تاوەکو یەک مانگ.
هەروەها دوو سەرچاوەی حکومەتی سووریا بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس) قسەیان کردووە و رایانگەیاندووە، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ مانگێک دەبێ.
سێشەممە 20-01-2026، ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەت دیمەشق بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا و بەگوێرەی ئەو بڕیارە دەبوو، کاژێر 08:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگربەست کۆتایی بێت.
ئاگربەستەکە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی بەرفراوانی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدەیە و درێژکردنەوەی بۆ رێککەوتن و بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ.
گرنگترین خاڵی گفتوگۆکان لەسەر داهاتووی تێکەڵکردنی دامەزراوە کوردییەکان لە پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامەزراوە حکومییەکانی سووریادا دەبێت، هەروەها تاوتوێی دۆخی کۆبانی و قامشلۆ لەنێوان دوو لایەنەکەی شەڕدا دەکرێت.
یەکێک لە سەرچاوەکانی سووریا بە فرانس پرێسی گوتووە، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە "بۆ ماوەیەکە کە رەنگە بگاتە مانگێک وەکو زۆرترین کات."
سەرچاوەکەی دیکەی سووریا دەڵێ، رێککەوتنەکە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ مانگێک" درێژ دەکرێتەوە؛ روونیشی کردەوە، "تەواوکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی رێکخراوی داعش یەکێکە لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەکە."
سەرچاوەیەکی کوردیی ئاگادار لە دانوستانەکانیش بەو ئاژانسەی گوتووە، ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە "تاوەکو ئەو کاتەی دەگەینە چارەسەرێکی سیاسی کە هەردوولا رازی بکات."
بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە، میدیای فەرمیی سووریا لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، هەواڵەکە دروست نییە.
هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکە، ئەمریکا دەستی کردووە بە پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، کە بەگوێرەی سێنتکۆم، ژمارەیان "دەگاتە 7000 دەستگیرکراو."
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حکومەتی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ زانیارییەکیان لەبارەی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ