شێخموس ئەحمەد: ئەوانەی لە کەمپی هۆلن بەشێکیان کەسوکاری بەرپرسانی باڵای دیمەشقن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، بەشێکی راگیراوانی کەمپی هۆل کەسوکاری بەرپرسانی باڵای حکومەتی کاتیی دیمەشقن. هاوکات هەواڵی میدیای عەرەبی بە دژی دەستکەوتەکانی کورد دەزانێت و دەڵێت، "هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە."
 
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "میدیا عەرەبییەکان شەڕێکی ناشیرینیان دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەستکەوتەکانی گەلی کورد کورد دەستپێکردووە."
 
شێخموس ئەحمەد گوتی، "دوای ئەوەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان لە کەمپی هۆل کشاندەوە، میدیای زۆری عەرەبیی چوونەتە ئەوێ و بەداخەوە پڕپاگەندەیەکی پڕ لە درۆ دەدەنە جیهان، لەوانە کەسێکیان هێناوە دەڵێت هەشت ساڵە ماڵباتەکەی نەبینیوە، ئەوە هیچ بنەمایەکی راستی تێدا نییە."
 
هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "بەرپرسانی حکومەتی کاتیی سووریا دەیانەوێت بڵێن هەسەدە ئەمانەی دەستگیرکردوون، لەکاتێکدا ئاشکرا ئەوانە ماڵباتی داعشەکان بوون و لە باغۆز دەستگیرکرابوون، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ئەوە دەزانن، دەزگا هەواڵگیرییە نێودەوڵەتییەکانیش کە لە کەمپی هۆل بوون ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەوانەی راگەیاندنی عەرەبیی بڵاوی دەکەنەوە راستی تێدا نییە."
 
شێخموس ئەحمەد گوتیشی، "ئەوەی ئەوان دەیکەن پێچەوانەی راستییەکانە، دەیانەوێ داعش و ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە بە روویەکی جوانەوە پیشان بدەن."
 
بە گوتەی هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، "زۆر لەو ماڵباتانەی لە کەمپی هۆلدان کەسوکار و ماڵباتی بەرپرسانی باڵای حکومەتی کاتیی دیمەشقن، خوشک، کەسی نزیک و ماڵباتی ئەوان لە کامپەکەدان، ئەوانەی هێرش دەکەن و ئەوانەی لەنێو کەمپەکەدان هەمان زیهنییەت و ئایدۆلۆژییان هەیە، بەڵام ناوی جیاوازیان هەیە."
 
سێشەممە 20-01-2026، هەسەدە بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە کەمپی هۆل راگەیاند و هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ "بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" و هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کە وایکردووە هێزەکانیان بۆ پاراستنی شارەکان بگوازنەوە.
 
کەمپی هۆل، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە، تاوەکو پێش چوونی هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا 6 هەزار و 846 خێزانی تێدا بوو، کە ژمارەیان 24 هەزار و 384 کەس بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە