ئەردۆغان: لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا بەردەوام دەبین

01-09-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی دیداری سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای لە چین لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە و پێیڕاگەیاند، وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای گوتووە: ''هەوڵەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا و بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، بەردەوام دەبێت''.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵ رۆڵی گرنگی لە بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەبووە.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، پووتین و ئەردۆغان هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە تاوتوێ کردووە، هەروەها جەختیشیان لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە.
 
ئەردۆغان، دوێنێ یەکشەممە و ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارچێوەی دیداری سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای لە چین، لەگەڵ هەریەکە لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، شاباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە.
 
رێکخراوی هاریکاری شانگەهای ریکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 2001ـەوە دامەزراوە و ناوەندەکەشی لە چینە. تورکیاش ساڵی 2012 بووەتە ئەندامی رێکخراوەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە