ئاگر لە دارستانەکانی پێنج پارێزگەی تورکیا کەوتووەتەوە

02-09-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانەکانی پێنج پارێزگەی تورکیا کەوتووەتەوە. وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەردەوامن و بەشێکی زۆریشیان کۆنترۆڵ کردوون.
 
چوار رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی بوڵدانی دەنیزلی و بوهارکەنتی ئایدن کەوتووەتەوە. ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، شەوی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئاگری دارستانەکانی ئەو دوو شارۆچکەیەیان کۆنترۆڵ کردووە.
 
لە دوێنێ دووشەممەوە ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی ئەلفانیی کارابوک، شارۆچکەی ئاراچی کاستامۆنو و شارۆچکەی ئوڵوس لە بارتن کەوتووەتەوە. بە گوتەی یوماکڵی، هەوڵی تیمەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەو سێ شارۆچکەیە بەردەوامە.
 
بەهۆی ئاگرەکانەوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر گوند و شوێنی نیشتەجێبوون چۆڵکراون، هاوکات ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییان بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 25-08-2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند: ''ئەم ساڵ پێنج هەزار و 473 ئاگر لە دارستانەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکان لە سەرانسەری وڵاتدا کەوتوونەتەوە.''
 
سەرۆککۆماری تورکیا هۆکاری زۆربەی ئاگرەکانیشی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: ''لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە 95٪ـی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی مرۆڤەوە بوون.''
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار 3800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتوونەتەوە. لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێکدا بۆ تورکیا: ئارامیی سووریا ئارامیی ئێوەیە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، قۆناخی ئێستا قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریایەکی دیموکراسییە و ئامادەیی خۆیانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا دەربڕی