رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەییب ئەردۆغان توونێلی زیگانای لە پارێزگای ترابزۆن کردەوە، کە سێیەم درێژترین توونێلی جیهانه و درێژترین توونێلی وشکانیی دووسایدیشە لە ئەوروپا دروستکرابێت.
توونێلی زیگانا لە ساڵی 2017 دەست بە دروستکردنی کراوە و رۆژی چوارشەممە 3-5-2023 لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرایەوە. ئەردۆغان گوتارێکی لە رێوڕەسمەکەدا پێشکێشکرد و رایگهیاند "لەگەڵ کردنەوەی توونێلی زیگانا له ترابزۆن، ژمارەی پرۆژەکانی پارێزگاکە گەیشتوونەتە 111 کە گوژمەکانیان 27 ملیار دۆلارە".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد؛ کونکردنی چیای زیگانا ئاسان نەبووە و ئەو توونێلەش کە تەواوکراوە، سێیەم درێژترین توونێلی جیهانه و درێژترین توونێلی وشکانیی دووسایدیشە كه لە ئەوروپا دروستکرابێت.
ئەردۆغان هاوکات رایگەیاند ئەو توونێلە دەبێتە یەكێک لە سیمبوولەکانی گەشەپێدانی تورکیا. باسی لەوەش کرد "لەگەڵ ئەو سوودانەی توونێلەکە لە کات و سووتەمەنی دابینی دەکات، رێڕهوێكی نوێی هەناسەدان دەبێت لەنێوان بەندەرەکانی دەریای رەش و باشووری وڵاتەکەمان".
توونێلی زیگانا ترابزۆن و گوموشهانە و دەریای رەش بە باکووری کوردستان و دواتریش بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە گرێدەدات. ئەو توونێلە ماوەی 60 کیلۆمەتر لە پارێزگای گوموشهانە و 120 کیلۆمەتریش لە پارێزگای ترابزۆن دوورە. درێژییەکەی 14 هەزار و 476 مەترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ