رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، گوندپارێزان وەک پاسەوانی شەوان و کاتیی گوندەکان و بۆ پاراستنی ئاسایشی قوتابخانەکان بەکاردەهێندرێن.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە سەبارەت بە رێوشوێنە ئەمنییەکانی قوتابخانەکان دەکران. چیفتچی روونکردنەوەی لەبارەی ئەو رێکارانە دا کە دوای هێرشەکانی سەر قوتابخانەکان لە رووها و مەرەش گیراونەتەبەر.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی گوندپارێزانەوە، کە پێشتر لە پاڵ هێزە ئەمنییەکان لە دژی گەریلاکانی پەکەکە شەڕیان دەکرد، رایگەیاند، ئەرکێکی نوێیان پێ دەسپێردرێت.
گوتیشی: "گوندپارێزان لەمەودوا ئەرکی پاسەوانیی شەوان و پاسەوانیی کاتیی گوندەکان دەبینن و بۆ پاراستنی ئاسایشی قوتابخانەکانیش بەکاردەهێندرێن."
سەبارەت بەو رێوشوێنانەی دوای هەردوو رووداوەکەی رووها و مەرەش دەگیرێنەبەر، چیفتچی رایگەیاند، پێشتر کۆبوونەوەکانی ئاسایشی قوتابخانەکان لە پارێزگاکان ساڵانە 2 جار
دەکرا، بەڵام لەمەودوا دەبێتە مانگانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەفتەیە گشتاندنێکی 7 خاڵی بۆ پارێزگاکان رەوانە دەکرێت، شیکاریی مەترسییەکان نوێ دەکرێنەوە و رێوشوێنە فیزیکییەکان لە قوتابخانەکان زیاد دەکرێن. هەروەها سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کارا دەکرێت.
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی روونکردەوە، ئەگەر قوتابییەک بەوە ناسرا کە گۆشەگیرە و کێشەی هەیە، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەڵدەسەنگێندرێت و ئەو قوتابییانە
لەلایەن مامۆستای رێنوێنیکار و هێزەکانی پۆلیسەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی 14ـی نیسان، لە قەزای سێوەرەگی رووها، قوتابییەک بە چەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو و لە ئەنجامدا 10 خوێندکار، 4 مامۆستا، پۆلیسێک و کارمەندێکی قوتابخانەکە بریندار بوون؛ هێرشکارەکەش دوای رووداوەکە بە هەمان چەک خۆی کوشت.
هەروەها رۆژێک دوای ئەوە، رۆژی 15ـی نیسانی 2026، لە پارێزگای مەرەش، خوێندکارێکی پۆلی 8 بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چالیک. لەو هێرشەدا 9 خوێندکار و مامۆستایەک کوژران و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ