دۆلارێکی ئەمریکی 45 لیرەی تێپەڕاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا بازاڕەکانی جیهان چاودێریی پێشهاتەکانی تایبەت بە ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا دەکەن، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر لیرەی تورکی 45 لیرەی تێپەڕاند. 
 
رۆژی هەینی 24ـی نیسانی 2026، لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ، نرخی دۆلارێک بە 45.19 لیرە و یۆرۆیەک بە 52.63 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش تۆمارێکی نوێیە.
 
دوێنێ پێنجشەممە، بەهۆی پشووی فەرمیی 23ی نیسان (جەژنی سەروەریی نیشتمانی و رۆژی منداڵان)، بازاڕەکانی نێوخۆی تورکیا داخرابوون. رۆژی چوارشەممە 22ـی مانگ، نرخی فرۆشتنی دۆلارێک 44.92 لیرە و یۆرۆیەک 52.71 لیرە بوو.
 
بەپێی ئەم ئاستە، لیرەی تورکی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە 2.5٪ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە؛ هەروەها، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لیرەی تورکی 4.6٪ـی بەهاکەی لەدەستداوە.
 
بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023دا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا. لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایاری ئەو ساڵە کرا، بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند. 
 
لە 23 مانگدا لیرەی تورکی نزیکەی 17.8%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بەهای خۆی لەدەستداوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە